زنجیره‌ وتار به‌شی 3 - دەستوور و سیستەمی حوکمڕانی ئەمەریکا

Kurd24

باوکانی دامەزرێنەر (Founding Fathers) بریتی بوون لە کۆمەڵێک سەرکردەی سیاسی کە راگەیەندراوی سەربەخۆیی ئەمەریکایان واژۆ کرد و بەشداریان کرد لە جەنگی سەربەخۆیی ئەمەریکا و دەستووری ئەمەریکایان نووسیەوە، بە گوێرەی مێژوونوس (ریچارد ب. مۆریس) ئەم (7) سەرکردەیەی خوارەوە وەک باوکانی دامەزرێنەری ئەمەریکا ناسراون: (جۆرج واشنتن، جۆن ئادامز، بنیامین فڕانکلین، جۆن جەی، ئەلێکسەندەر ھامیلتۆن، تۆماس جێفرسۆن، جێمس مادیسۆن).

باوکانی دامەزرێنەر لە چواری تەممووزی ساڵی (1776) سەربەخۆیی ئەمەریکایان راگەیاند و دەقی راگەیاندنی سەربەخۆییش لە لایەن (تۆماس جیفرسن) لە ڤێرجینا نووسرایەوە، راگەیاندنی سەربەخۆیی بەبێ رەزامەندی بەریتانیا بوو، بۆیە بەریتانیا بە هێز بەرەنگاری ویستی سەربەخۆیی ئەمەریکا بووەوە، دوای شەڕێکی (8) ساڵە شانشینی بەریتانیا ناچاربوو ساڵی (1783) لە رێكکەوتننامەی (پاریس) دان بنێت بە سەربەخۆیی ئەمەریکا، جۆرج واشنتن کە سەرۆکایەتی هێزی سەربەخۆیی ئەمەریکای دەکرد، دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی گەڕایەوە ماڵی خۆی لە ویلایەتی (ڤێرجینیا) و ئەمانەتی سەرۆکایەتی ئەمەریکای سپاردە کۆمەڵێک لەهاوڕێکانی، بەڵام بەهۆی ئەو رێز و پێگەیەی جۆرج واشنتن هەیبوو دوای چوار ساڵ هاوڕێکانی چوونە دوای و داوایان لێکرد سەرۆکایەتی کۆنگرەی نووسینەوەی دەستوور بگرێتە ئەستۆ، ئەم کۆنگره‌یە لە ساڵی (1787) لە شاری فیلادلفیای ویلایەتی پێنسلڤانیا بەسترا (ولایەتی پێنسلڤانیا بە ویلایەتی دایک ناسراوە، چونکە شاری فیلادیلفیا یەکەم پایتەخت بوو بەر لە دروستکردنی واشنتن).

لەم کۆنگرەیەدا نوێنەرانی هەر (13) ویلایەتی ئەمەریکا ئامادەبوون (ئەوکات ئەمەریکا تەنها 13 ویلایەت بوو) دوای ساڵێک لە گفتوگۆ و راگۆڕینەوە دەستووری ئەمەریکا لە دایک بوو (کە بە کۆنترین دەستووری کارپێکراو دادەنرێت، چونکە  نزیکەی 230 ساڵە بەردەوام کاری پێدەکرێت).

لێرەدا گرنگە بەسەرهاتێکی هەست بزوێنی (بنیامین فڕانکلین) باس بکەین کە یەکێک بووە لە باوکانی دامەزرێنەر و ئەوکات تەمەنی (83) ساڵ بووە و نەیتوانیوە بە پێیەکانی بڕوات، بۆیە رۆژانە لەسەر کورسی هێناویانە بۆ کۆنگرەی نووسینەوەی دەستوور، ئەو لە یاداشتەکانی خۆی بەم شێوەیە باس لە کۆنگرەی نووسینەوەی دەستوور دەکات و دەڵێت:

"لە ماوەی ساڵێکدا رۆژانە دەچوومە کۆنگرە و لە دەرگای هۆڵی کۆنگرەوە دەمڕوانیە تابلۆیەک کە لەسەرەوەی هۆڵەکە و لەسەر سەری جۆرج واشنتن هەڵواسرا بوو، لە ناو تابلۆکەدا زەردەپەڕی رۆژهەڵاتن یاخود رۆژ ئاوابوون کێشرا بوو، لە ماوەی ئەم ساڵەدا بەردەوام چاوێکم لەسەر ئەم تابلۆیە بوو، چونکە کاتێک کێشمەکێش و گفتوگۆ گەرم دەبوو لە نێوان ئەندامانی کۆنگرە، ترسم هەبوو کەنەتوانین بگەین بە رێکكەوتن لەسەر دەستوور، بۆیە دەمگوت ئەمە تابلۆی رۆژئاوا بوونە و شەوێکی رەش چاوەڕێی ئەمەریکا دەکات، بەڵام لە دوا رۆژەکانی کۆنگرە کاتێک گەیشتین بەرێكکەوتن و هەموو ئەندامەکان واژوویان کرد لەسەر رەشنووسی دەستووری ئەمەریکا، ئەو کات گوتم ئەم تابلۆیە ئاماژەیە بە زەردەپەڕی رۆژهەڵاتن و بەهۆی ئەم دەستوورەوە رۆژێکی رووناک و پڕشنگدار چاوەڕێی ئەمەریکا دەکات".

دەستووری ئەمەریکا لە (7) ماددە پێکهاتووە، کە تێیدا سنوری دەستەڵاتەکانی (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) بە روونی دیاریکراون، ئەم دەستووره لە ماوەی ساڵێکدا (1787) لە کۆنگرەی فیلادلفیا وەک رەشنووس نووسراوەتەوە و ماوەی ساڵێکی تریشی پێچووە (1788) تاکو بڵاوکراوەتەوە بەسەر دانیشتوانی هەر سێزدە ویلایەتەکە دابەشکراوە، سەرەنجام لە ساڵی (1789) پەسەندکرا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم دەستوورە بە شێوەیەک نووسراوەتەوە کە لەگەڵ هەموو سەردەمەکان خۆی بگونجێنێت و دەکرێ بە گوێرەی پێویست هەموار بکرێتەوە و گۆڕانکاری تێدا بکرێت، لە ساڵی (1789)  تاکو ئێستا (27) جار هەموار کراوەتەوە.

لەڕێگای ئەم دەستوورەوە سیستەمی فیدڕاڵی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چەسپێنرا و بە هۆیەوە ئەمەریکا بوو بە کۆنترین وڵاتی (فیدراڵی دەستووری) کە لەسەر بنەمای دیموکراسی بنیات نرابێت و ئەرک و ماف و ئازادی تاک  ئازادی رادەربڕین و مافی کەمینەکانیش لەناو ئەم دەستوورەدا پارێزراو بێت.

دەستووری ئەمەریکا بووە دایکی هەموو یاساکان و چەتری هەموو رێساکان، بە گوێرەی ئەم دەستوورە دەسەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەر بنەمای جودایی و هاوسەنگی (check and balances) دابەشکرا و سنوور و ھێزی هەر سێ دەستەڵاتی (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) دیاریکرا.

لە سیستەمی فیدڕاڵی ئەمریکیدا، دەسەڵات بەسەر سێ بەشی: (فیدڕاڵی، ویلایەتەکان، ناوچەیی) دابەشکراوە:

1- بەشی فیدڕاڵی خۆی لە سێ دەسەڵاتدا دەبینێتەوە:

یاسادانان: پێکھاتووە لە ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەرەکان و ئەم ئەرکانەیان لەئەستۆدایە:

پەسندکردنی یاسای فیدڕاڵی، راگەیاندنی شەڕ، چاودێری بەشەکانی دیکەی حکوومەت و لێپرسینەوە کە لە ئاکامی ئەمەدا دەتوانن کەسانێک لە حکوومەت لابەرن.

ئەنجومەنی نوێنەران (435) ئەندامی ھەیە کە مافی دەنگدانیان ھەیە و ھەریەک نوێنەرایەتی ویلایەتی خۆیان بۆ ماوەی (2) ساڵ دەکەن. ژمارەی نوێنەرانی ھەر ویلایەتەک بە پێی ژمارەی دانیشتوانی ئەو ولایەتە دادەنرێت کە ھەر دەساڵ جارێک ژمارەی دانیشتوان مەزەندە دەکرێت. بۆ نموونە هەندێک ولایەتی کەمینە ژمارەی نوێنەرەکانیان کەمن و ولایەتی گەورەش ژمارەی نوێنەرەکانیان زۆرن بۆ نمونە ولایەتی کالیفۆرنیا (55) نوێنەری ھەیە.

سەنات یان ئەنجومەنی پیران (100) ئەندامی ھەیە واتە ھەر ویلایەتەک 2 نوێنەری ھەیە. سەناتۆرەکان بۆ ماوەی (6) ساڵ ھەڵدەبژێردرێن و هەموو دوو ساڵ جارێک یەک لەسەر سێی کورسییەکان دوبارە ھەڵبژاردنی بۆ دەکرێت.

جێبەجێکردن: سەرۆک کۆمار، سکرتێری گشتیی ھەموو ھێزە نیزامییەکانە، دەتوانێ پەسندکراوەکانی کۆنگرێس (پێش ئەوەی ببن بە یاسا) ھەڵوەشێنێتەوە. ھەروەھا دەتوانێ وەزیرەکانی کابینە ھەڵبژێرێت (پێویستی بە پەسندکردن لە لایەن ئەنجومەنی پیران ھەیە).  وادەی خزمەتی سەرۆک کۆمار (4) ساڵە و دەتوانێ تەنها بۆ دوو خۆل خۆی هەڵبژێرێت.

دادوەریی: دادگای باڵا و دادگاکانی فیدڕاڵی کە سەرۆکەکانی لەلایەن سەرۆک کۆمار پێشنیار دەکرێن و ئەنجومەنی پیران (سینات) پەسەندیان دەکات، چاودێری یاسا و چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسا و رێساکان دەکەن.

سەرۆک کۆمار بە رای راستەوخۆی خەڵک پەسند ناکرێ بەڵکو خەڵک ئەنجومەنێک هەڵدەبژێرن (ئیلیکتۆڕاڵ کۆلیج) کە ژمارەیان (538) ئەندامە ئەم ژمارەیە هاتووە لە کۆی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران (435) لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پیران (100) لەگەڵ (3) نوێنەری واشنتنی پایتەخت، ئەم ئەنجومەنە سەرۆک هەڵدەبژێرن، بەجۆرێک هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی دەنگی (نیوە+1)ی ئەم ئەنجومەنە بەدەست بهێنێت ئەوا دەبێتە سەرۆکی ئەمەریکا. ئەندامەکانی دادگای باڵای فیدراڵی ئەمریکاش پێک هاتوون لە (9) ئەندام کە تاکو مردن وەک دادوەر لە پۆستەکانیاندا دەمێننەوە.

2- بەشی ولایەتەکان بەهەمان شێوەی دەسەڵاتی فیدڕاڵ دەسەڵاتی تایبەت بەخۆیان هەیە لە هەرسێ جۆرەکەدا (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری)

3- بەشی ناوچەیش بۆ نمونە (شارەوانی) وەک دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە ئەرکی خزمەتگوزاری لەئەستۆدایە.

جێگای ئاماژەپێدانە کەوا مێژووی نزیکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خاوەنی سیستەمی دوو حیزبیە، کە بریتین لە پارتی دیموکرات کە ساڵی (1828) دامەزراوە هەروەها پارتی کۆماری کە لە ساڵی (1854)دامەزراوە. لە ھەلبژاردنەکانیشدا، نوێنەرانی ئەو دوو حیزبە وەک نوێنەرانی سەرەکیی جەماور لە قەڵەم دەدرێن، بەڵام جگە لەم دوو حیزبە گەورەیە، حیزبی تریش هەن وەک پارتی سەوز و پارتی ئازادیخوازەکان، بەڵامی لاواز و بێ کاریگەرن.

لە کولتووری سیاسی ئەمریکادا، کۆماریخوازەکان زیاتر خۆپارێز و راست رەون بەڵام دیموکراتەکان زیاتر لیبڕاڵ و چەپڕەون.

ولایەتەکانی باکووری رۆژھەڵات و کەناری رۆژئاوا بە پشتیوانی دیموکراتەکان دادەنرێن بەڵام ولایەتەکانی باشوور و ناوەڕاست و رۆژئاواش بە پشتیوانی کۆماریەکان دادەنرێن، بەڵام ئەم نەخشەیە جێگیر نیە بەڵکو جار جارە گۆڕانکاری بەسەردادێت.

لە ئەمەریکادا تاکو ئێستا (46) کەسایەتی بونەتە سەرۆک کۆمار کە دوانیان کوڕ و باوکن ئەوانیش (جۆرج دەبلیوو بوش و جۆرج بۆشن) کە ھەردووکیان کاندیدای پارتی کۆماری بوون. لەنێوان ئەو (46) سەرۆکە تەنیا یەکێکیان رەش پێست بوو، ئەویش (باراک ئۆباما) بوو کە کاندیدی پارتی دیموکرات بوو لە ساڵی (2008) ھەڵبژێردرا بە (44)ـەمین سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، بەڵام یەکێک لە خەوشەکانی دیموکراسیەتی ئەمەریکا بریتیە لەوەی کە تاکو ئێستا هیچ ژنێک یاخود ئافرەتێک نەیتوانیووە بگاتە کورسی سەرۆکایەتی کۆشکی سپی، ئەمەش بە یەکێک لە کەم و کوڕیەکانی دیموکراسیەتی ئەمریکا لەقەڵەم دەدرێت بەتایبەت لەکاتێکدا کە ئەمڕۆ ژنان و ئافرەتانی ئەمەریکا و جیهان یادی (8)ی مارس دەکەنەوە و داوای ماف و یەکسانی زیاتر دەکەن لە هەموو بوارەکاندا.

بۆ خوێندنه‌وه‌ی زیره‌ وتاره‌كانی پێشوو كرته‌ له‌سه‌ر ژماره‌كان بكه‌: زنجیره‌ی یه‌كه‌م - زنجیره‌ی دووه‌م - زنجیره‌ی چواره‌م

* کـــارۆخ خـــۆشناو

(سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)