دڕاندنی وێنەی کاندیدان لە کەرکووک بووەتە دیاردە

تا ئێستا حەوت کەس بەهۆی دڕاندنی وێنەی کاندیدان ده‌ستگیركراون

لە کەرکووک داوا دەکرێت هێزە ئەمنییەکان پۆستەری بانگەشەی کاندیدان بپارێزن
لە کەرکووک داوا دەکرێت هێزە ئەمنییەکان پۆستەری بانگەشەی کاندیدان بپارێزن

K24 - هه‌ولێر:

لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکووک تاکو ئێستا دەزگا ئەمنییەکان حەوت کەسیان دەستگیرکردووە، کە دەستیان لە دڕاندن و شێواندنی وێنەی کاندیدەکان هەبووە، به‌گوێره‌ی گرتە ڤیدیۆییەک كه‌ ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه‌، گەنجێك پۆستەری کاندیدی ژمارە 30ی پارتی لە کەرکووک دەدڕێنێت، گوتەبێژی کۆمیسیۆن لە کەرکووك ئاشكرای كرد، نووسراومان کردووە و داوامان کردووە دەزگا ئەمنییەکان وێنە و پۆستەری کاندیدەکان بپارێزن.

زۆربەی پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان کەوتووه‌تە بەر شاڵاوێکی دیکەی دڕاندن، کەم پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان هەیە لە کەرکووك بەساغی مابێت.

هێزە ئەمنییەکان چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە، بەڵام دڕاندن و لێکردنەوەی وێنەی کاندیدەکان هەر بەردەوامە. لە گرتە ڤیدیۆییەكه‌دا کەسێك دەرکەوێت و وێنە و پۆستەری کاندیدێکی پارتی دەدڕێنێت لە کەرکووك.

شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی پارتی لە کەرکووک گوتی: "وێنه‌ و پۆسته‌ره‌كانی ئێمه‌ ده‌دڕێنن، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی بوونمانه‌ وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتی خاوه‌ن دۆزێكه‌، ئه‌گه‌ر پێیان وابێت پارتی به‌وه‌ لاواز ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ به‌هه‌ڵه‌دا چوون".

هاووڵاتیان بڕیاری داوه‌ بەشداری لە هەڵبژاردن بكه‌ن، مام عاسی خدر، كه‌ قوماشفرۆش له‌ بازاڕی كه‌ركووك دەڵێت، بەهەر شێوەیەک بێت، دەبێت لێنەگەڕێین کورد لەبەرامبەر نەتەوەکانی دیکە بدۆڕێت لەم هەڵبژاردنە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان نووسراویان بۆ دەزگا ئەمنییەکان کردووە، داوایان لێکردوون کە پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان لە دڕاندن و شێواندن بپارێزن.

عەلی عەباس، گوتەبێژی لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، زۆرجار زۆربەی ئەو پۆستەرانەی وا شوێنراون لە شوێنی ناسایی دانراون، بۆیە زۆربەی کاندیدەکان کاتێک وێنەکانیان دەدڕێنرێت، نایه‌ن بۆ لای ئێمە سکاڵا بکه‌ن، خۆیان تیمیان هەیە و چاکی دەکەنەوە.

لە کەرکووك سێ بازنەی هەڵبژاردن هەیە، بازنەی یەکەم کە بە بازنەی کوردی ناسراوە و 5 کورسی بۆ دانراوە، زۆرترین وێنە و پۆستەری کاندیدەکانی پەرلەمانی عێراقی تێدا دڕێنراوە.

د.ی