هێگسێت: ئەگەر ئێران خوازیاری گفتوگۆ بێت، ئەوا ئێمە ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵیاندا

وەزیری جەنگیی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئێران کرد و رایگەیاند: هێزەکانی ئەمریکا هەموو شەوێک بە شێوەیەکی چڕتر بۆردومانی پێگەکانی ئەو وڵاتە دەکەن. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم بژاردەکان لەبەردەم دۆناڵد ترەمپدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاران کراوەن.

سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لە کۆشکی سپی،  لە میانەی بەشداریی لە کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە و جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و گوتی: هێزەکانی وڵاتەکەی هەموو شەوێک بە شێوەیەکی چڕتر بۆردومانی پێگەکانی ئێران دەکەن.

وەزیری جەنگیی ئەمریکا، جەختیشی کردەوە، سەرجەم بژاردە گونجاوەکان لە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاراندا.

وەزیری جەنگیی ئەمریکا دەربارەی هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمریکا گوتی: "ئەگەر ئێران خوازیاری گفتوگۆ بێت، ئەوا ئێمە ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵیاندا، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ئامادەی دیالۆگ نەبن، ئەوا هێرش دەکەینە سەر پێگەکانیان و فشارە سەربازییەکانمان بەردەوام دەبن."

هێگسێت لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر رێوشوێنە ئابووری و سەربازییەکانی سەر ئاوەکانی ئێران و رایگەیاند: "گەمارۆیەکی دەریایی توند و هەمەلایەنە بە تەواوی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، هیچ کەشتییەک ناتوانێت ئەو گەمارۆیە تێپەڕێنێت، چونکە رێوشوێنەکانمان هاوشێوەی شورایەکی ئاسنین وایە."

ئەم لێدوانە توندانەی پێنتاگۆن نیشانەی پەیڕەوکردنی ستراتیژییەکی نوێی ئیدارەی ترەمپە بەرامبەر بە تاران، کە تێیدا فشارە سەربازییە شەوانەکان و گەمارۆ دەریاییەکان هاوتەریب لەگەڵ پێشنیاری دیپلۆماسی بەکاردەهێنرێن بۆ ناچارکردنی لایەنی ئێرانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ.