هەرێمی کوردستان.. بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاتژمێرەکانی کارکردنی کرێکاران کەمدەبێتەوە؟

وێنە، ژیری دەستکرد
وێنە، ژیری دەستکرد

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا، بەرپرسانی پەیوەندیدار جەخت لە پاراستنی سەلامەتی کرێکاران دەکەنەوە و رایدەگەیەنن، بەگوێرەی یاسا دەبێت خاوەنکاران پابەند بن بە دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو و سنووردارکردنی کاتەکانی کارکردن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی تەمموزی 2026، هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "بەگوێرەی یاسای ژمارە 71ی ساڵی 1987ـی عێراقی کە تایبەتە بە تەندروستی و سەلامەتی کرێکاران، پێویستە لەو شوێنانەی کاری تێدا دەکرێت، سەلامەتی کرێکاران پارێزراو بێت و ئەمەش پەیوەندی بە هیچ وەرز و کاتێکی دیاریکراوەوە نییە."

هەنگاو عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە خاوەنکاران پابەندی رێکارەکان نین و گوتی "پێویستە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەگوێرەی یاسا هەمووان پابەند بکات، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا کە پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و کرێکاران رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە."

لەلایەکی دیکەوە، مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند "بەپێی ماددەی 57لە یاسای کار، کاتەکانی کارکردن دیاریکراون و نابێت لە هەشت کاتژمێر زیاتر بن، جا ئەو کاتە لە بەیانیان بێت، یان نیوەڕۆیان و ئێواران. بەڵام کارکردن لە شەودا لە رووی مووچە و شێوازی مامەڵەکردنەوە جیاوازە و دەبێت مافی زیاتر بە کرێکار بدرێت."

سەبارەت بە کەمکردنەوەی کاتەکانی دەوام لە کاتی شەپۆلەکانی گەرمادا، مەریوان بەگۆک گوتی "کەمکردنەوەی کاتەکانی دەوام لە یاسادا نییە، بەڵکو پێویستی بە بڕیاری حکوومەت هەیە، وەک چۆن لە کەرتی گشتیدا بەهۆی گەرماوە کاتی دەوام دەگۆڕدرێت، پێویستە بڕیارەکە کەرتی تایبەتیش بگرێتەوە."

ناوبراو داوای لە کۆمپانیاکان و خاوەنکاران کرد کە خۆیان دەسپێشخەری بکەن بۆ پاراستنی کرێکاران و گوتیشی "خاوەنکاران دەتوانن بۆ خۆیان چارەسەر بدۆزنەوە، وەک بەکارهێنانی ئامێری ساردکەرەوە لە شوێنی کار، یان پێدانی پشووی زیاتر بە کرێکاران لە نێوان یەک بۆ سێ کاتژمێر لەو کاتانەی پلەی گەرما لە لووتکەدایە."

هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی جەختی کردەوە، کە رێنماییە تەندروستییەکان خاوەنکار پابەند دەکەن بە فەراهەمکردنی "کەشێکی گونجاو" و گوتی "لە رێنماییەکانی سەلامەتی پیشەییدا هاتووە کە دەبێت ژینگەیەکی گونجاو و تەندروست بۆ کرێکار فەراهەم بکرێت، ئەمەش رەچاوکردنی پلەکانی گەرما و پاراستنی کرێکار لە گەرمای بەتین دەگرێتەوە."

لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە کرێکارەکان لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گۆڕانکاری بەسەر کاتی کارکردنیان دێت بەتایبەت ئەوانەی لە دەرەوە و لەبەر گەرما کاردەکەن، لە بەرەبەیانی زووە دەچنە سەرکار و تاوەکو کاتژمێر 1 بۆ 2ـی نیوەڕۆ کاردەکەن.