101 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عێراق تێدەپەڕێت

"نەمبیستووە سوپا منەت بەسەر گەل دا بکات"

سوپای عێراق
سوپای عێراق

K24 – هەولێر

101 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ سوپای عێراق دامەزراوە، دوای ئەو هەموو مێژووە، هێشتا بەشێک لە پێکهاتەکانی عێراق سوپا بە هی خۆیان نازانن و شانازی پێوە ناکەن.

لە یادی 101 ساڵەی سوپای عێراقدا، سەرکردەکانی عێراق پەیامی جیاوازیان هەیە، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق، لە تویتێکدا رایگەیاند "سوپا زامنی عێراقێکی سەربەرزی سەربەخۆیە"، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدریش وەک توانجێک بۆ حەشدی شەعبی دەڵێ "لە گرنگترین سیفەتەکانى سوپا خۆشەویستى نیشتمانە، نەمبیستووە سوپا منەت بەسەر گەل دا بکات، لەبەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و رزگارکردنى ناوچەکان".

هەر بەبۆنەی یادی دامەزراندنی سوپای عێراق قاسم محەمەدی، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی عێراق ئاشکرای کرد، لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران، خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ‌ پەسەند دەكرێت.

لە دوای جەنگی جیهانی یەكەم ساڵی (1914-1918) دەسەڵاتی عوسمانییەكان لە عێراق كۆتایی پێهێنراو بەریتانیەكان توانیان دەسەڵات بگرنە دەست، ساڵی 1920 یەكەمین کابینەی حكومەتی عێراق پێکهێنرا، لە کۆتاییەکانی هەمان ساڵدا یەكەمین یەكەی سەربازی سوپای عێراقی لە1921/1/6 لە بەغدا پێکهێنرا.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان گەڵاڵەکردنی بیرۆکەی پێکهێنانی سوپای عێراق لە6ی كانونی دووەمی ساڵی 1921، لەلایەن كۆمەڵێك ئەفسەری كورد و عەرەب، لە بەغدا بووە، بە سەرۆكایەتی جەنەڕاڵ جەعفەر پاشا عەسكەری كە ئەفسەرێكی كوردی خەڵكی شاری كەركووك بووە، یەکەم پێکهاتەی سوپا 14 ئەفسەری کورد و عەرەبی لە خۆ گرتووە، لەو ژمارەیە 8 ئەفسەریان كورد بوون بە ناوەكانی (جەنڕاڵ جەعفەر مستەفا عەسكەری سەرۆكی دەستەی دامەزرێنەر، عەقید حەمید ئەحمەد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر، رائید سەعید محەمەد نوێنەری فەرماندە، رائید بەكر سدقی عەسكەری نوێنەری سەرۆك، رائید تۆفیق وەهبی بەگ ئامر كۆلیژی سەربازیی، رائید عەبدول رەزاق حلمی، نەقیب حەسەن حوسێن عەسكەری، نەقیب محەمەد ئەمین زەكی بەگ).

لە ساڵی 1936 سوپای عێراق بەشداری لە یەكەمین كودەتای سەربازیی كردووە بە سەرۆكایەتی فەریق بەكر سدقی، فەرماندەی فیرقەی دوو، حكومەتێكی نوێ بە سەرۆكایەتی حیكمەت سلێمان پێكهێنرا، مانگی ئایاری ساڵی 1941 سوپای عێراق چووە جەنگێكەوە لەگەڵ سوپای بەریتانیا، بەر لەو جەنگی بەریتانیا سوپای عێراق لە چوار فیرقەی پیادە پێكدەهات.

سوپای عێراق لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی دا
سوپای عێراق لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی دا

لە ساڵی 1958دا، سوپای عێراق جارێكی دیكە بەشداری كودەتایەكی سەربازیی كرد بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم (شۆڕشی 14ی یۆلیۆی 1958)، ساڵی 1961 دوای سەربەخۆیی كوەیت عەبدولكەریم قاسم هەڕەشەی كرد ئەو وڵاتە بخاتە سەر عێراق بەوهۆیەوە سوپای عێراق لەناوچە سنورییەكان لەگەڵ كوەیت كۆكرایەوە. ساڵی 1963 سوپای عێراق جارێكی دیكە بەشداری كوتادەی سەربازیی كرد ‌و كۆتایی بە دەسەڵاتی عەبدولكەریم قاسم هێنا، ساڵی 1968 سوپای جارێكی دیكە كودەتای كرد‌ و بەعسییەكان بەهۆی ئەو كودەتایەوە گەیشتنە لوتكەی دەسەڵات لە عێراقدا. ئەحمەد حەسەن بەكر دەسەڵاتی گرتە دەست. دواتر لە 1979 سەدام حوسێن كە بوو بە سەرۆكی عێراق هەوڵەكانی دەستپێكرد، بۆ بنیادنانی سوپایەكی گەورە‌و بەهێز، لە ماوەی ساڵانی جەنگی نێوان عێراق‌ و ئێران ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق بەشێوەیەكی گەورە زیادیكرد، ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق لە ساڵی 1981 گەیشتە 200 هەزار، كە دابەشبووبوو بەسەر 12 فیرقە‌ و سێ لیوای سەربەخۆدا، دواتر لە ساڵی 1985دا ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق گەیشتە 500 هەزار سەرباز ‌و 23 فیرقە‌و 9 لیوا.

لە 2/8/1990 سەددام حوسێن، سەرۆك كۆماری عێراق فەرمانی  هێرشكردنە سەر كوەیتی  دەركرد و داگیری كرد. دوای حەوت مانگ مانەوە لەو وڵاتە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش و بە سەرۆکایەتی ئەمەریكا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، عێراقی لە كوەیت وەدەرنا.

سەدام حوسێن لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و پلەداری سوپای عێراق
سەدام حوسێن لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و پلەداری سوپای عێراق

سوپای عێراق زۆربەی کات لە شەڕدا بووە، بەتایبەتی لەکاتی دەسەڵاتی حزبی بەعس، لە جەنگی دووەمی كەنداو لە ساڵی 1991 سوپای عێراق یەکێک بوو لە سوپا بەهێزەکانی ناوچەکە،و ژمارەی سەربازانی گەیشتە یەك ملیۆن لە 42 فیرقە ‌و 20 لیوای تایبەت و شەش فیرقەی گاردی كۆماریی پێکهاتبوو. بەڵام لە راپەڕینی خەڵکی کوردستان بە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە توانرا لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان وەدەربنرێت.

سوپای عێراق
سوپای عێراق

لە ساڵی 2003، کۆتایی بە دەسەڵاتی رژێمی بەعسی عێراق هێنرا، جارێکی دیکە سوپای عێراق پێکهێنرا و بە هاوکاری و پاڵپشتی ئەمەریکا و هاوپەیمانان سوپا پڕ چەک کرایەوە، بەڵام لە ساڵی 2014 لەکاتی هێرشی داعش بۆ سەر عێراق توانی چەند ناوجەیەکی بەرفراوانی عێراق داگیر بکات، لەو کاتەدا سوپای عێراق کەوتە بەر رەخنەی خەڵک و شارەزاییانی سەربازیی کە نەیتوانیوە دژی گرووپێکی چەکداری بەرگری بکات. تائێستاش هاوپەیمانان بۆ بەرگری کردنی عێراق دژی داعش هاوکاری و پاڵپشتی سوپای عێراق دەکەن.