دۆست و دڵسۆزی کورد و دۆزەکەی زیگی بارزانی ماڵئاواییکرد
خەونی دووبارە بینین و سەردانی کوردستان بوو

K24 – ئهڵمانیا:
پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی باکووری راین و ئەندامی دیار و پێشکەوتووی پارتی سەوزی ئەڵمانیا و دۆستی دێرینی گەلی کورد "زیگی مارچ"، کە خۆی بە زیگی بارزانی ناوزهدكردبوو، لە ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی بۆرکن کۆچی دوایی کرد.
زیگی لە کۆتا چاوپێکەوتنی لەگەڵ کوردستان24 باسی لەو هیوایە دەکرد کە تەندروستی باشبێت و دووبارە بگەڕێتەوە کوردستان.
زیگی لهو چاوپێكهوتنهكهدا گوتی: "من خوازیارم بگەڕێمەوە کورستان و لەگەڵ برای خۆشەویستم کاک مەسعود دانیشم، بەڵام بەو خراپی باری تەندروستیەم هیچ فڕۆکەیەک هەڵمناگرێت".

زیگی ساڵانێکی زۆر لەگەڵ کریتینای خێزانی سەرقاڵی کۆکردنەوە و گەیاندنی هاوکاری بوون بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان. زیگی لەساڵی 2004-2014 لە هەولێری پایتەخت بەرپرسی ناوەندی کولتووری کوردی - ئەڵمانی بوو، بە گەڕانەوەشی بۆ ئەڵمانیا هەمیشە دڵ و هۆشی لای کوردستانبووە.

بۆ کوردستان24 دەیگوت: "کوردستان قۆناغە مەترسیدارەکانی دەرباسکردووە و ئێستا قۆناغە هەستیارییەکانی سیاسەتی ماوه تێیانپەڕێنێت". هەمیشەش داواکار و هاندەر بو کۆڵنەدان لە داواکردنەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکووك.
خاتوو کریستینا مارچی هاوسەری زیگی، بەردەوام لەگەڵ زیگی پشتیوانیان بۆ پرسی کورد نیشانداوه و داواکاری ئاواتەکانی کورد و بینینی کوردستانێکی ئازاد بوون.

پەیامنێری کوردستان24 باس لەسەردانەکەی دەکات و ئەوە بەبیر دێنێتەوە و دەڵێت: "کاتێک لە ماڵەکەی میوانداریکردین وتی کاک مەسعود زۆر منی خۆشدەوێت، لەگەڵ چەندین سەرکردەی کوردستان هاتنە ماڵەکەم و زۆر وەفادارە، بێگومان لە هەر گۆشەیەکی ماڵەکەی وێنەکانی خۆی لەگەڵ پێشمەرگە و یادەوەرییەکانی لە کوردستان دانابوو.

پەیامنێری کوردستان24 چەند رۆژێک لەمەوبەر پەیوەندی بە زیگیەوە کردووە، بۆ هەواڵ پرسین لە تەندروستی و گوتویەتی: "تەندروستی باشتر و جێگیرە و سوپاسی هەواڵ پرسینی کردووە".

زیگی لە 17/09/1953 لە شاری بۆخوم – ئەڵمانیا لەدایکبووە، ئێوارەی 15ی شوبات/ فێبرایهری 2022 دوای چەندین ساڵ ململانێی زۆر لەگەڵ نەخۆشی و کێشی زۆرەوە، لە ماڵەکەی خۆی کۆچی دوایی کرد و ماڵئاوایی لەخێزان و خانەوادە و کوردستان کرد.
