یه‌كگرتوو: باشتره‌ رێككه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان ته‌نها بۆ سلێمانی بێت

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a398ceec-fef9-465c-ad35-4b9a068685b3/rikawtnw%20alozi.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

هێشتا لایەنەکان ئامادەییان نەبووە بچنە نێو رێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی، یەکگرتوو رەتیدەکاتەوە بچێتە نێو ئەو رێککەوتنە و بە پێوستیشی دەزانێت، رێککەوتنەکە تەنها لە نێو خۆیان بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی بێت.

بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵیش دەڵێت، کاراکردنەوەی پەرلەمان  پێوستی بە رێککەوتنە لەگەڵ پارتی، ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیش ئاشکرای دەکات میکانیزمی جێبەجێکردنی رێکكەوتنەکەیان جیاوازە.

ئەو رێککەوتنە سیاسییەی نێوان گۆڕان و یەکێتی، کە هەردوولا پێانوایە چارەسەری کێشەی لایەنەکان دەکات، هێشتا لایەنەکان گومانیان لە مەبەستی رێککەوتنەکە هەیە، ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆران ئاشکرای دەکات مەبەستی سەردانی لیژنە هاوبەشەکەیان بۆ لای لایەنەکان، بۆ شیکردنەوەی خاڵەکانی رێککەوتنەکەیە و زۆربەی لایەنەکان پشتگیری خۆیان بۆ خاڵەکانی رێککەوتنەکە دەربڕیوە.

یەکگرتووی ئیسلامی رەتیدەکاتەوە بچێتە نێو رێککەوتنەکەو پێشیوایە ئەو رێککەوتنە پێوست ناکات فراوانتر بکرێت، بە گرنگیشی دەزانێت رێککەوتنەکە تەنها لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە نێوان گۆڕان و یەکێتی بێت.

کۆمەڵی ئیسلامی هێشتا خۆیی یەکلاینەکردووەتەوە بۆ ئەوەی بچێتە نێو رێککەوتنەکە یان نا، بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵ پێواییە ئەگەر پارتی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی رێکنەکەوێت، پەرلەمان کارا نابێتەوە.

به‌ بۆچوونی سیاسییەکان، کاراکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەری کێشەکان لە دەستی پارتی دایە، بۆیە لایەنەکان هۆشداری دەدەن ئەگەر رێککەوتنی سیاسی لە نێو پارتی  و لایەنەکان نەکرێت، گرفتەکان ئاڵۆزتر دەبن و رێککەوتنەکەش ناتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات.