هیچ ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم نەکراوە

وێنەیەکی ئەرشیڤیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر
وێنەیەکی ئەرشیڤیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر

K24 - هەولێر:

بەردەوامی گفتوگۆکان و ناکۆکییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چاوی لایەنەکانی لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دوورخستووەتەوە.

باڵانبۆ محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـــی راگەیاند، ئێمە لەئێستادا بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە سەرقاڵین، کەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواوبوو، ئەو کات لەگەڵ لایەنەکان پێکەوە زەمینەسازی دەکەین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

هەر سەبارەت بەو پرسە، کارزان محەممەد، گوتەبێژی رێکخراوی ریزەڵت بۆ هەڵبژاردن و راپرسی گوتی:"پێویست بوو 2018 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت بەڵام ئەنجامنەدرا، هەروەها 2022ــش پێویست بوو بکرێت بەڵام دووبارە ئەنجامنەدرا، بۆیە پێـم وایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دروستکردووە".

پەرلەمانی کوردستان یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەموارکردووەتەوە، بەپێی ئەو هەموارە تا دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن، ئەنجوومەنی ئێستای پارێزگاکان دەتوانن لەسەر کارەکانیان بەردەوامبن، هەروەها دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانە.

لەلایەن خۆیەوە، ئارام نەجمەددین، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گەر بمانەوێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدەین لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاتێکی زیاتری دەوێت و ئێستا کاتی پێویستمان لەبەردەست نییە تا زەمینەسازی بۆ بکەین.