لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ئەمەریکا دوو کەس کوژران
K24 - هەولێر
پۆلیسی ناوچەی سەگینای ویلایەتی میشیگانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، لەیەکێک لەئاهەنگەکانی سەرشەقام لە ناوچەکە بەهۆی تەقەکردنەوە دوو کەس کوژران و 15 کەسی دیکەش برینداربوون.
پۆلیسی ناوچەی سەگینا ویلایەتی میشیگان بڵاویشیکردەوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان، لە ئاهەنگەکەدا شەڕ دروستبووە و چەند کەسێک دەستڕێژی گولـلـەیان لەیەکتر کردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی دووکەس و برینداربوونی 15ی دیکە.
پۆلیسی ناوچەی سەگینا ئاماژەی بەوەش داوە، لە رووداوەکەدا بە پێنج چەکی جیاواز تەقەکراوە و تائێسا هیچ تۆمەتبارێکی رووداوەکە دەستگیرنەکراوە.
لە سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 600 رووداوی تەقەکردن لە ئەمەریکا روویانداوە کە دەکاتە رۆژانە نزیکەی دوو رووداوی تەقەکردن.
بەگوێرەی پێگەی Gun Violence، تەنیا لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا 11 هەزار و 523 کەس لە ئەمەریکا بە چەک کوژراون.