سەرۆکی شارەوانی لۆرکا بۆ کوردستان24: لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە بە پەیوەندییەکانمان دەدەین

K24 – مورسیا:
فولخینسیۆ خێل خۆدار، سەرۆکی شارەوانی لۆرکا رایگەیاند، دەیانەوێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە بە پەیوەندییەکانیا بدەن. هاوکات گوتیشی: "لە رووی ئابوورییەوە هەوڵدەدەین کار بکەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئاو و کشتوکاڵکردن".
شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەرێمی مورسیای ئیسپانان، لەوبارەیەوە فولخینسیۆ خێل خۆدار، سەرۆکی شارەوانی لۆرکا تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ھاتنی شاندەكە زیاتر بۆ بەھێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی مورسیا و ھەرێمی كوردستانە و دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان پەرەپێبدەین بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و ھەوڵدەدەین كار بكەین لەگەڵ ھەرێمی كوردستان سەبارەت بە ئاو و كشتوكاڵكردن".
فولخینسیۆ خێل خۆدار ئاماژەی بەوەدا، ھاتنی ئەم دوو وەزیرەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئامانج لێی پەرە پێدانە بە ژێرخانی ئابووری كوردستان و گرنگیدان بە تەواوی كەرتە ئابوورییەكان لە نێوان ئیسپانیا و ھەرێمی كوردستان.
سەرۆکی شارەوانی لۆرکا، دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت ھاتووچۆی بەردەوام ھەبێت لە نێوان ھەردوولادا بە تایبەتی لەڕووی بازرگانی و پیشەسازی نێوان ئیسپانیا و كوردستان، دەمەوێت سەردانی ھەولێر بكەم وەك پایتەختی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی شارەزایی زیاتر پەیدا بكەم.