پرۆژەی جووتسایدی شێخان-لالش تەواوبووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکرێتەوە

پرۆژەی جووتسایدی شێخان-لالش، کۆتایی هاتووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانی ناوچەکە.

خالید نەرمۆ، سەرۆکی شارەوانی شێخان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تەواوی بڕگەکانی پرۆژەی جووتسایدی شێخان-لالش کۆتایی هاتووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا، ئەو پرۆژەیە دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان و بە فەرمی دەکرێتەوە.

خالید نەرمۆ ڕایگەیاند: ماوەی پرۆژە 400 ڕۆژبوو، بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی، تەواو کراوە، درێژی جووتسایدەکەش، هەشت کیلۆمەتر و 300 مەترن، بە 26 ملیار و 484 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە.

سەرۆکی شارەوانی شێخان ئاماژەی بەوە کرد، دوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەڤەرەکە کە تێیدا بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ-دهۆکی دانا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکەن، بۆیە بە ستانداردی جیهانی دەست بە پرۆژە کرا کە دوو سایدە و سەنتەری قەزای شێخان بە لالش دەبەستێتەوە.

ڕاشیگەیاند: پرۆژەکە تەنها چەند ڕێکارێکی ئیداری ماوە بۆ ڕادەستکردنی، لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێوەیەکی فەرمی دەکرێتەوە کە، تەواوی هێلکاری و هێماکانی هاتوچۆ، هاوکات ڕووناکیی بۆ کراوە.

 
Fly Erbil Advertisment