ئەنجامی یارییەکانی ئەمڕۆی خولی نایابی کوردستان

دیمەنی یاریی دەربەندیخان و رانیە
دیمەنی یاریی دەربەندیخان و رانیە

ئەمڕۆ پێنج شەممە رێککەوتی 25/1/2024 چوار یاریی لە گەڕی شازدەی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەچوون، یانەکانی ئاکرێ و چوارقوڕنە جارێکی دیکە کەوتنە داوی یەکسانبوون.

بە ئەنجامدانی چوار یاریی قۆناغی دووەمی خولی نایابی کوردستان دەستی پێکرد، سەرەتا ئاکرێ پێشەنگی خولەکە، لە یاریگای بەردەڕەش میوانداری زاخۆی کرد و بۆ دووەم یاریی لەسەر یەک، نەیتوانی بردنەوە بەدەست بێنێت.

پێشەنگەکەی خولی نایاب، گەڕی رابردوو لە یاریگای خۆی بەرامبەر چوارقوڕنە، دووەمی ریزبەندی بە بێ گۆڵ یەکسانبوون، ئەمجارەشیان بەرامبەر زاخۆ، بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوون. بەم ئەنجامە ئاکرێ بە کۆکردنەوەی بە کۆکردنەوەی 28 خاڵ، لە پێشەنگی خولەکە مایەوە.

لە یارییەکی دیکەی گەڕی 16 خولی نایابی کوردستان، چوارقوڕنە دووەمی ریزبەندی خولەکە، لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی یانەی هەولێر، یاریزانانی هەردوو یانە لەم یارییە، سەرکەوتوو نەبوون لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵی یەکتری و لە کۆتاییدا یارییەکە بە ئەنجامی 0-0 کۆتایی هات.

بەم ئەنجامە چوارقوڕنە لە پلەی دووەمی ریزبەندی، کۆی خاڵەکانی گەیاندە 26 خاڵ و لە ئەگەری بردنەوەی شێروانە بەرامبەر سۆران، ئەو کات پلەی دووەمی لەدەست دەدەن.

هەر لە هەولێری پایتەخت برایەتی میوانداری شەقڵاوەی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی 2-1 بردەوە. برایەتی بەم بردنەوەیە کۆی خاڵەکانی لە گەیاندە 21 خاڵ و بە شێوەیەکی کاتی، بۆ پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولی نایابی کوردستان سەرکەوت.

لە چوارەم یاریی گەڕی 16 خولی نایابی کوردستان، دەربەندیخان دوای سێ یەکسانبوونی لەسەر یەک، ئەمجارەیان میوانداری رانیەی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی 1-0 لێبردەوە.

دەربەندیخان بەم بردنەوەیە، کۆی خاڵەکانی گەیاندە 24 خاڵ و بە شێوەیەکی کاتی، بۆ پلەی چوارەمی ریزبەندی سەرکەوت. رانیەش بە 20 خاڵ لە پلەی نۆیەم دێت و لە ئەگەری بردنەوەی رکابەرەکانی، ئەو کاتە پێگەکەی لەدەست دەدات.