هەڕەشەکانی ئێران و میلیشیاکانی بەرامبەر ئەمەریکا و ئیسرائیل بێ ئەنجام بوون

ژمارەیەک چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی
ژمارەیەک چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی

K24 - هەولێر

لەکاتێکدا ئێران و میلیشیاکانی، بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە هیچ کاردانەوەیەکی کاریگەریان بەرامبەر ئەو دوو وڵاتە هەبێت.

ئەندام و لایەنگرانی میلیشیاکانی نزیکی ئێران لە عێراق کە ژمارەیان نزیکەی 70 میلیشیاییە، لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە؛ بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکەن.

هەروەها بەرپرسانی ئێران چەندین جار وەک هەمیشە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە و بەسزا گەیاندنی ئیسرائیل و ئەمەریکا دەکەن لە کاتێکدا زیاتر لە 31 هەزار کەس لە غەزە کوژراون و زیاتر لە 73 کەسی دیکە برینداربوون.

ئێران خاوەنی گەورەترین کۆگای مووشەکی بالیستی مەودا دوورە لەناوچەکەدا، هەروەها زیاتر لە 100 گرووپ و میلیشیا لە پێنج وڵاتی ناوچەکە بریکاریەتی سەربازی دەکەن، هاوکات دووری نێوان پێگە سەربازییەکانی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل لە سووریا تەنیا چەند کیلۆمەترێکە، بەڵام لە پێش رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر و دوای ئەم رووداوانەش ئێران و میلیشیاکان لە سووریا و عێراق نەیانتوانیوە کاردانەوەی سەربازی راستەوخۆ و کاریگەریان بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە هەبێت.

کەچی لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەپاساوێکی نەسەلمێندراو، هەبوونی بنکەی ئیسرائیل، چەند هێرشێکی درۆنی دەکەنە هەولێر، کە دوایینیان هێرشی مووشەکی سوپای پاسداران بوو بۆ سەر ماڵی یەکێک لە خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر کە بەهۆیەوە چوار کەس شەهید بوون و، چەند کەسێکی دیکە برینداربوون کە یەکێک لە قوربانیان منداڵێکی تەمەن 11 مانگ بوو.