حكوومه‌تی عێراق و به‌رپرسانی وڵات ترسیان له دووباره به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش هەیە
به‌رده‌وام حكوومه‌ت و به‌شێك له سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن، داعش و مه‌ترسییه‌كانی له‌عێراق كۆتاییان هاتووه‌و پێویستیان به مانه‌وه‌ی هێزەکانی بیانی نه‌ماوه.
ئه‌مەش له‌كاتێكدایه ته‌نها له دوو رۆژی رابردوودا داعش له سنووری پارێزگاكانی دیاله، سه‌لاحه‌دین و كه‌ركووك، دوو هێرشی خوێناوی ئه‌نجامداوه و به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازی عێراقی بوونه‌ته قوربانی، ئه‌م هێرشانه سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن هێشتا توانای سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌و ئاسته‌دانییه بتوانن ئاسایش و سه‌قامگیری وڵات بپارێزن.
داعش كۆتاییهاتووه و چیتر پێویستمان به مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ماوه، ئه‌مه لێدوانی زۆربه‌ی سه‌ركرده سیاسییه‌كانی شیعه‌یه له عێراق، كه به‌رده‌وام دووپات له توانای هێزه‌كانی عێراق و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشه‌كانی داعش و كرده‌ی تیرۆریستی ده‌كه‌نه‌وه، بۆ كۆتاییهێنان به ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌دژی داعش‌یش، عێراق و ئه‌مه‌ریكا چه‌ندین گه‌ڕی دانوستانیان له به‌غدا و واشنتن به‌ڕێوه‌بردووه، له ئه‌نجامیشدا لیجنه‌ی تایبه‌ت به هه‌ڵسانگاندنی دۆخی ئه‌منی، توانای هێزه ئه‌منییه‌كان له پاراستنی ئاسایشی عێراق، مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر پێكهێنراوه.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا زیادبوونی هێرشه‌كانی داعش له باكووری وڵات و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه، نیشانیده‌دات ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت داعش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاسایشی وڵات، بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ش عێراق هێشتا پێویستی به هه‌ماهه‌نگی زیاتری هێزه بیانییه‌كانه تا له‌ڕووی هه‌واڵگری و پێدانی زانیارییه‌وه پشتیوانی لێبكات.
پاش راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنی عێراق به‌سه‌ر داعشدا له‌ساڵی 2017، به‌رده‌وام داعش له ناوچه جیاجیاكانی وڵات هێرش دەکاتە سەر هێزه ئه‌منییه‌كان و سوپا، نزیكترینیان له دوو رۆژی رابردوودا بوو و تیایدا له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق هێرشیان كرده سه‌ر هێزه ئه‌منییه‌كان و سوپا.
سه‌باره‌ت به دوو هێرشه‌كه‌ی داعش له سنووری دیاله و سه‌لاحه‌دین و كه‌ركووك، وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق دان به‌وه‌دا ده‌نێت، له‌هێرشه‌كه‌ی سنووری دیاله و سه‌لاحه‌دین ئه‌فسه‌رێك و چه‌ند سه‌ربازێك کوژراون، له سنووری قه‌زای دۆمێزیش له كه‌ركووك سه‌ربازێك کوژراوە و دووی دیكه برینداربوون.
حكوومه‌تی عێراق و به‌رپرسانی وڵات ترسیان له دووباره به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش هەیە، بۆ رێگری و دروستكردنی به‌ربه‌ستی ئه‌منی له هێرشه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی داعش و جموجۆڵه‌كانی، ئاستی ئه‌منی له زنجیره باخه‌كان و ناوچه كشتوكاڵییه‌كانی نێوان دیاله و به‌غدا به‌رز ده‌كاته‌وه و رێوشوێنی توندی ئه‌منیش ده‌گرێته‌به‌ر، له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كیش كامێرای چاودێریی له زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی باشووری ناحیه‌ی كه‌نعان، پێگه‌ی قه‌ناس به‌ده‌ستیان جێگیركردووه.
هێرشه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی داعش ده‌یسه‌لمێنێت، هێشتا توانای سه‌ربازیی عێراق له كۆنتڕۆڵكردنی ته‌واوه‌تی وڵات لاوازه و پێناچێت داعش‌یش به‌و جۆره‌ی كه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت، لاوازبووبن یاخود كۆتاییان هاتبێت.