جموجۆڵەکانی داعش و ململانێی پێکهاتە سیاسییەکانی عێراق
جموجۆڵەکانی داعش لە ناوچە سونە نشینەکانی عێراق نیگەرانییەکی گەورەی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دروستکردووە. ئەم جوڵانە نەک تەنها هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەکات، بەڵکو ململانێی سیاسییەکانی نێوان پێکهاتە سیاسی و پارتە جیاوازەکانی عێراقی بەرەو ئالۆزی بردووە.
دەنگۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق هاوکاتە لەگەڵ هێرشی پچڕ پچڕ و جموجۆڵەکانی لەو ناوچانەی بۆشایی تەناهییان تێداییە، کە ڕێکخراوەکە توانیویەتی ناڕەزاییە ناوخۆییەکان و تێکچوونی نێوماڵی عێراقی بقۆزێتەوە. لە ئێستادا ناسەقامگیریی عێراق زەمینەیەکی بەپیت بۆ داعش دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ئەندامی نوێی بۆ بنێرێت و تۆڕەکانی دووبارە دابمەزرێنێتەوە.
هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی جموجۆڵی سنورداری داعش لە بەشێک لەناوچە سونە نیشینەکانی عێراق، کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیار لەنێوان پێکهاتەو لایەنە سیاسییەکانی عێراق بووەتە مایەی مشت و مڕ و ناکۆکی نێوان لایەنەکان، ئەمەش وایکردووە مەسەلەی داعش بقۆزرێتەوە و بەو ناکۆکیانەوە گرێ بدرێتەوە. بەتایبەتی مەسەلی یاسای لێبووردنی گشتی و دروستکردنی هەرێمی سونەو خواستی شیعەکان بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق مایەی ناکۆکی نێوان پێکهاتەو لایەنە سیاسییە عێراقییەکانە.
دیمەنی سیاسی عێراق پەرتەوازەیە و گرژییەکی گەورە لە نێوان لایەنی سونە و شیعەکاندا هەیە. بەتایبەتی یەکێک لە بابەتە ناکۆکەکان پێشنیاری یاسای لێبوردنی گشتییە. عەرەبە سوننەکان کە بەشێکی بەرچاوی زیندانەکان پێکدەهێنن، داکۆکی لە پەسەندکردنی یاساکان دەکەن و بە هەنگاوێکی دەزانن بەرەو دادپەروەری. هەرچی لایەنە شیعەکانە نیگەرانن لەو هەنگاوە و دەترسن ببێتە هۆی ئازادکردنی ئەو کەسانەی کە ئەگەری هەیە بچنە پاڵ گروپە تیرۆریستییەکانی وەکوو داعش.
بەئەگەری زۆرەوە لایەنە شیعەکان سەرهەڵدانەوەی داعش بەکار دەهێنن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی، بەجۆرێک کە لەگەڵ نیگەرانی و دڵەڕاوکێی ئەمنییەکانیاندا بگونجێت. ئەم هەوڵەی لایەنە شیعەکان لەوانەیە عەرەبە سوننەکان زیاتر دوور بخاتەوە و دابەشبوونی تایەفەگەری قوڵتر بکاتەوە و ئەگەری هەیە خەڵکێکی زیاتر بەرەو ئایدۆلۆژیای توندڕەو ببات. ناکۆکی نێوان لایەنە سونەکانی عێراق و پشتگوێ خستنیان لەلایەن هێزە شیعەکانی پێکهێنەری حکومەتەوە، وایکردووە جارێکی تر خواستی دروستکردنی هەرێمی سونە لە نێو بەشێک لە لایەنە سونەکان سەرهەڵبداتەوە. بەتایبەتی گفتووگۆکردن لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی لەمکاتەدا کە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لای عەرەبی سونە نییە، بۆ لایەنی سونە جێی گومانە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەکتەرە دەرەکییەکان بەتایبەتی ئەمەریکا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە داڕشتنی ژینگەی ئەمنی و سیاسی عێراق. سوپای ئەمەریکا و هاوپەیمانان ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکان و پشتیوانییەکی گرنگی سەربازی و لۆجیستی بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق دابین کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، بوونی درێژخایەنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بابەتێکی جێگەی مشتومڕە و بیروبۆچوونەکان جیاوازن لەسەر ئەوەی ئایا یارمەتی سەقامگیری دەدات یان گرژییە ناوخۆییەکان زیاتر دەکات.
چوارچێوەی فراوانتری شەڕی دژی تیرۆر کە لەلایەن هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەکانەوە بەڕێوە دەبرێت، بە ئەمریکاشەوە، بارودۆخی عێراقی ئاڵۆزتر کردووە. لایەنە شیعەکان هەوڵدەدەن هێزەکانی ئەمەریکا وڵاتەکە بەجێ بهێڵێت، بەڵام لایەنەکانی دیکە و کۆمەڵگەی عێراقی بوونی ئەمەریکا بە گرنگ دەزانن و چونکە هەوڵەکانی هاوپەیمانان بە شێوەیەکی بەرچاو داعشیان لاواز کردووە. جگە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئەمەریکا وەبەرهێنانێکی زۆری لە سەقامگیریی سیاسی عێراقدا کردووە.
ئامانج لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا پەرەپێدانی مۆدێلی حوکمڕانی دیموکراتی و فرەیی و پاڵپشتیکردنی ئەو دەستپێشخەرییانەی کە ئاشتەوایی سیاسی و بنیاتنانەوەی دامەزراوەکان بەهێز دەکەن. بەشداری ئەمەریکا بریتییە لە هەوڵدان بۆ ناوبژیوانی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی عێراق و پشتیوانیکردن لە چاکسازیەکان بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی و کەمکردنەوەی گەندەڵی، بەڵام ژینگەی سیاسی عێراق و ململانێ ناوخۆییەکان بە ئاسانی کاریگەری ئەجێندای سیاسی جیهانی و دەرەکی لەسەرە. بەتایبەتی ڕۆژئاوا و ئێران چێنێکی دیکەی ئاڵۆزی نێوان لایەنەکانی زیاتر کردووە. ئێستا سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق سروشتی ناسکی دیمەنی ئەمنی و سیاسی وڵاتەکە دووپات دەکاتەوە. کارلێک لە نێوان چالاکیەکانی داعش و ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکان، بەتایبەتی سەبارەت بە یاسای لێبوردنی گشتی، ئەو هاوسەنگییە ناسکە دەردەخات.