رێبین رهحیم
نووسەر
فهرهنسا سهلماندی دوستی گهلی كورده
نزیک چواردەیەیە فەڕەنسا ڕۆڵێکی گەورە و گرنگی لە پاراستنی ماف و پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە دژوارترین ساتەوەختەکاندا فریای کورد کەوتووە.
لە بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بیگرە تا دەگاتە شەڕی دژی داعش و هاتنی سەرۆک هۆلاند بۆ هەولێر، لە کاتێکدا داعش لە ترۆپکی هێزدا بوو، تا پێشوازی سەرۆک ماکرۆن لە کۆشکی ئیلیزێ لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و شکاندنی ئابڵوقە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی سەر هەولێر.
ئەمڕۆ زیاد لە 100 سەرۆک، سەرۆکوەزیران و پاشای وڵاتان لەلایەن (ئیمانیۆل ماکرۆن)ی سەرۆکی فەڕەنساوە بانگهێشتی مەراسیمێکی وەرزشی گەورەکراون، ئەگەرچی هۆکاری بانگهێشتکردنە بابەتێکی وەرزشییە، بەڵام لە ڕاستیدا مەراسیمی پێشوازی و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەش هێندە سیاسیانەیە ڕەنگە کەمتر وەرزشی بێت، خاڵی جەوهەری ئەم بابەتە لەوەدایە کە کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت لە نێو ئەو هەموو سەرۆک و سەرکردانەی جیهاندا فەرامۆش نەکرا و حسابی بۆ کراوە و سەرۆکەکەی پێشوازی لێدەکرێت.
بۆ کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و کیانی سەربەخۆ بەشداری سەرۆکی هەرێمەکەی و جودێکی گەورە و مانا و مەدلولێکی قوڵتری هەیە، بەشداری نێچیرڤان بارزانی دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە دیبلۆماسیەتی کوردی توانیویەتی قۆناغی زۆر باش ببڕێت پێگەو ڕۆڵی ئەم هەرێمە زیاترە لەوەی وەک پنێکی پەراوێزخراوی ئەم جیهانە حسابی بۆ بکرێت.
ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک نوێنەری نەتەوەیی کورد هەنگاوێکی دیکەی دڵخۆشکەرە بەنیسبەت سەنگ و قورسایی هەرێمی کوردستان و دووپاتکردنەوەیەکی دیکەی سەرۆک و گەلی فەڕەنسایە بەو دۆستایەتییەی لەگەڵ نەتەوەکەمان هەیانە، هاوکات جەختکردنەوەی ئەو ڕاستەیەیە کە فەڕەنسییەکان هەمیشە بە کوردستانی دەڵێنەوە، ئەویش ئەوەیە کە دڵنیابن بە تەنیا بەجێتان ناهێڵین.
پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشی سیاسی و ڕەخساندنی دەرفەتی دارایی لەگەڵ فەڕەنسادا و زەقکردنەوەی خاڵە کۆک و تەباکان لەگەڵ سیاسەتی بلۆکی ڕۆژئاواو گرنگیدان بەو بنەمایانەی کە شۆڕشی فەڕەنسی بۆی بەرپابووە زامنکردنێکی زیاتری پاراستنی ئەو پەیوەندیانەیە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەڕەنساو کیشوەری ئەورووپا بە گشتیی هەیەتی، بۆیە لەم گۆشە نیگایەوە دەتوانین بڵێین ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پێکەوە ژیانی زیاتری ئاشتیانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و هەوڵەکانی بۆ پرۆسەی ئاشتەوایی گشتی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە ساتەوەختی خۆیدا لە کوردستان ئەو هەنگاوانەن کە سەرۆک ماکرۆن و ئەورووپیەکان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیبینن و ئومێدی زیاتریان پێیەتی تا بتوانێت عێراقێکی سەقامگیرترو ئارامتر بە کوردستانیشەوە بوونیادبنێت و لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونیشی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمان داخوازیان لە نێچیرڤان بارزانی هەبوو.
بە هەر پێودانگێکی سیاسی و دیبلۆماسی مەتروگەزی بکەیت دەتوانین بڵێین بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم کۆبوونەوە جیهانییە گرنگەی ئەمڕۆی کۆشکی ئیلیزێدا دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کورد وەک نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو دۆزەکەشی وەک کێشەیەکی چارەسەر نەکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەو سەنگ و قورسایی خۆی هەیە، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیەش هەقە بپرسین سەرۆکی چی هەرێمێکی دیکەی جیهان ئەمڕۆ لە ئیلیزێ بەشداربووە؟