پارتی 78 ساڵ خەبات و خۆنەچەماندن بۆ سەربەخۆیی و شکاندنی تەوقی ژێردەستی

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

16ـی ئابی  ئەم ساڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (78ـهەمین) ساڵیادی خۆی یاد دەکاتەوە، ئەم پارتە لەهەموو ڕوکارو شێوازێکەوە خوێندنەوەی بۆ بکەیت جیاوازی  زۆر گەورەی لەگەڵ هەموو هێز سیاسییە مەوجوودەکانی ئێستا و ڕابردووی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان هەیە و دید و تێڕوانین و فەلسەفە و ستراتیژی  پارتی بەدرێژایی مێژوو تا ئەمڕۆ چڕبووەتەوە لەیەک خاڵدا کەئەویش خەبات و تێکۆشانە بۆ ئازادی و سەربەخۆی و شکاندنی تەوقی ژێردەستی و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی یەکجارەکی گەڕانەوەی شکۆو سەبەرزی بۆ تاکی کورستانی.

پارتی دیموکراتی کوردستان درێژەپێدەری ڕێبازی کوردایەتی و تەریقەتی بارزانە کە پێش (119 ساڵ) شێخ (عەبدولسەلامی شەهید) وەک ڕابەری ئەم تەریقەتە نەتەوەییە داوای سەربەخۆیی لە پادشای ئەوکاتی ئینگلیز کردووە بۆ نەتەوەی کورد و خەبات و بەرخۆدانێکی بێووچانی لەم ڕێگەیەدا کرد تا سەرەنجام لەپێناوی ئەم داخوازی و خەباتەدا بەدەستی ئیمپراتۆریەتی ئەوکاتی عوسمانی شەهید کراو سەری خۆی لەسەر دانا.

مێژووی پڕسەروەری گەلەکەمان پڕاوپڕە لەنەخش و جێ دەستی پارتی لەسەرجەم قۆناغەکاندا و هەرچی بۆ گەلی ئێمە بەدەستهاتبێت لەڕابردوو و لەئێستادا بە خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە کە هەرگیز لەسەر خواستە نەتەوەییەکانمان سازشی نەکردووە و نایکات و ئەگەر بەرخۆدانی پارتی لەو مێژووە بەدەست بێنیت شتێکی وەها نامێنێتەوە کە شیاوی نووسین بێت.

دەستکەوتەکانی ئێمە لە ئۆتۆنۆمی و لامەرکەزی و فیدارڵییەوە تادەگاتە ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان دەستکەوتی پارتین و لەبەرامبەردا هیچ هێزو لایەنێک نەیتوانیوە هیچ دەستکەوتێکی دیکە بەخەباتی چەکداری یاخود دانوستان و گفتوگۆ بۆ گەلەکەمان وەدەست بێنێت

ڕێککەوتنی 11ـی ئاداری ساڵی 1970، یەکەمین بەڵگەی نووسراو و دانپێدانراوی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقە کە دوای 14 ساڵ خەباتی چەکداری لە شۆڕشی ئەیلوول بەسەرپەرشتی بارزانی نەمر دەوڵەتی عێراقی ناچار بەدانوستان و گفتوگۆ و ڕێککەوتنی کرد و لە دوای ئەو ڕێککەوتنە تاکەوتنی ڕژێمی عێراقی و دروستکردنەوەی عێراقی نوێ و نوسینەوەی دەستوور لە ساڵی 2005 هیچ هێز و لایەنێک نەیتوانی بچووکترین دەستکەوت بۆگەلەکەمان وەدەست بخات جگە لە پارتی و سەرۆک بارزانی.

لە دوای ساڵی 2003ـەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، توانی ڕۆڵی گەورە لە جێگیرکردنی خواستە نەتەوەییەکانماندا هەبێت و بەشێکی باشی لە مافەکانی گەلی کوردستانی تێدا جێگیرکرد، ئەوە سەرۆک بارزانی بوو فیدارڵییەتی پارێزگاکانی ڕەفزکردەوە کە خەڵکی دیکە واژۆیان لەسەر کردبوو ئەگەر جێبەجێ ببووایە هیچ مانایەک بۆ ئەو هەموو خەبات و خوێنە نەدەمایەوە.

لەدوای بێ هیوابوون لەم عێراقە شیعییە و پێشێلکردنی مافەکانمان پارتی دیموکراتی کوردستان بوو دەستی بە هەنگاونان بۆقۆناغی دوای فیدراڵییەت لەعێراق هاویشت سەرەنجام بەهاوکاری لایەنە سیاسیەکانی دیکە لە پرۆسەیەکی مەدەنی و ئاشتیخوازیدا، ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستانی ئەنجامدا کە لە (93٪) گەلەکەمان بەبەڵێ دەنگیان دا.

ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان سەرتۆپی گووڵی سووری خەبات و خوێنی گەلەکەمانە بە سەرۆکایەتی پارتیمان لە شێخی عەبدولسەلامی شەهیدەوە تا دەگاتە سەرۆک مەسعود بارزانی هەڵگری ئەم ڕۆحە ناسیۆنالیستییە کوردییە بوون و هیچ کەس بەقەد پارتییەکان هەقی شانازییان بەم خەباتە دوورو درێژە نییە و ڕێبازی مرۆڤدۆستی و عیرفانییەت و ژینگەدۆستی بارزان بناغەی ئەم ڕێڕەوە مێژووییەن.

بەدرێژایی هەموو ئەم مێژووە دوور و درێژە تا دەگاتە ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لە خەباتکردن بەردەوامە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان درێژە پێدەدات تا بەیەکجاری تەوقی ژێردەستی لەسەر گەردنی نەتەوەکەمان لادەبات و دەیگەیەنێت بە سەربەخۆیی یەکجارەکی و ڕزگاری سەرتاسەری نەتەوەکەمان و لەم پێناوەشدا هەرگیز خۆی نەچەماندووە.