لە چەند کاتژمێری داهاتوو بارسێلۆنا بەرگریکارێک دەباتە ریزەکانی
K24- هەولێر
بارسێلۆنا لە چەند کاتژمێری داهاتوودا گواستنەوەی ئینیگۆ مارتینێزی بەرگریکاری ریال سۆسیداد بۆ ریزەکانی رادەگەیەنێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممەیدا رایگەیاندووە، بارسێلۆنا دەیەوێت بە زووترین کات گرێبەستی مارتینێز یەکلا بکاتەوە، بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەکە رۆبێرتۆ فێرناندێزی بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا ئێستا لە هەرێمی باسکە و جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ دەیەوێت بە زووترین کات گرێبەستی ئەو بەرگریکارە ئیسپانییە یەکلابکەنەوە، بۆ ئەوەی بیر لە گرێبەستی دیکە بکەنەوە.
ریال سۆسیداد ئامادە نییە مارتینێز بفرۆشێت، بەڵام مارتینێز ویستی بۆ رۆیشتن بە یانەکەی راگەیاندووە و بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی ئەو بەرگریکارە باسکییە تەنیا رێگایەکی لەپێشە، ئەویش پێدانی نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی مارتینێزە کە 32 ملیۆن یۆرۆیە.
