ریال مەدرید یەكەمین گرێبەستی بۆ وەرزی داهاتوو یەكلایی كردەوە
بەگوێرەی سەرچاوەیەكی نزیك لە یانەكە، ریال مەدرید لە ئێستاوە یەکەم گرێبەستی هاوینەی خۆی بۆ وەرزی داهاتوو یەکلایی کردووەتەوە و نیکۆ پاز دەگەڕێنێتەوە یانەکەی.
خۆسیێ فیلێکس دیاز رۆژنامەنووسی ئیسپانی لە رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرای کردووە، ریال مەدرید بە فەرمی یانەی کۆمۆی ئیتاڵی ئاگادارکردووەتەوە، لە مێرکاتۆی هاوینە نیکۆ پاز یاریزانی لاوی یانەکە دەگەڕێننەوە یانەکەیان و بەندی کڕینەوەی ئەو یاریزانە ئەرجەنتینییە چالاک دەکەن، کە بەگوێرەی بەندێکی گرێبەستەکەی نیکۆ پاز، ریال مەدرید دەتوانێت لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان بیکڕێتەوە و بیگەڕێنێتەوە یانەکەی.
نیکۆ پاز هاوینی 2024 لە ریال مەدریدەوە چووە کۆمۆ، ئەوکات نرخی ئەم یاریزانە 21 ساڵانە تەنیا 10 ملیۆن یۆرۆ بوو، کەچی ئێستا نرخی گەیشتووەتە 65 ملیۆن یۆرۆ.
نیکۆ پاز وەکو یارییساز یاریی دەکات و لەگەڵ کۆمۆ لە 72 یاری 19 گۆڵ و 17 ئەسیستی کردووە، تاکە یاریزانە لەوەتەی دەستپێکی وەرزی رابردووی سێریا ئەی زیاتر لە 15 گۆڵ و 15 ئەسیستی کردبێت.