بەشار ئەسەد دادگایی دەکرێت

بۆ یەکەمجار لە مێژووی سوریادا، پرۆسەی دادگاییکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی لادراوی ئەو وڵاتە و ماهر ئەسەدی برای بە شێوەیەکی نائامادەیی "غيابي" دەستیپێکرد، هاوکات عاتیف نەجیب، یەکێک لە گەورە بەرپرسانی ئەمنیی پێشوو لە ناو قەفەسی تۆمەتباراندا ئامادەی یەکەم دانیشتنی دادگا بوو.

رۆژی یەکشەممە 26ی نیسانی 2026، یەکەمین دانیشتنی "دادپەروەریی راگوزەر" لە دیمەشقی پایتەخت بەڕێوەچوو. سەرچاوەیەکی دادوەریی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئەم دانیشتنە سەرەتایەکە بۆ ئامادەکارییەکانی دادگاییکردنی بەشار ئەسەد و ماهر ئەسەدی برای بە نائامادەیی، هەروەها دادگاییکردنی ئامادەیی بۆ چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی، کە لە سەروویانەوە عاتیف نەجیب وەستاوە، کە لە مانگی کانونی دووەمی 2025دا دەستگیرکرابوو.

عاتیف نەجیب، خزمە نزیکەکەی بەشار ئەسەد و سەرۆکی پێشووی لقی ئاسایشی سیاسی بوو لە پارێزگای دەرعا، بە کەلەپچەکراوی لە ناو قەفەسی تۆمەتباراندا بینرا. نەجیب بە بەرپرسی یەکەمی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2011 لە دەرعا دادەنرێت، کە دەستپێکی شۆڕشی سووریا بوو.

فەخرەدین عەریان، دادوەری دادگای تاوانەکان، دانیشتنەکەی بەم رستەیە دەستپێکرد: "ئەمڕۆ یەکەمین دادگاییکردنی دادپەروەریی راگوزەر لە سوریا دەستپێدەکەین، کە تۆمەتباری دەستگیرکراو و تۆمەتباری هەڵاتووی لە رووی دادپەروەری تێدایە." پاشان ناوی لیستێکی درێژی لە بەرپرسانی رژێمی پێشوو خوێندەوە کە بە غیابی دادگایی دەکرێن، لە سەروویانەوە بەشار ئەسەد.

بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024دا، دوای ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بە سەرکردایەتی دەستەی تەحریری شام کۆنترۆڵی دیمەشقیان کرد، بەرەو رووسیا هەڵات. ئەمەش کۆتایی بە حوکمڕانی 50 ساڵەی بنەماڵەکەی و 24 ساڵەی خۆی هێنا.

دادوەر لەم دانیشتنەدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ عاتیف نەجیب نەکرد و رایگەیاند کە ئەم دانیشتنە تایبەتە بە رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان و دانیشتنی دووەمی بۆ رۆژی 10ی ئایار دواخست.

بەپێی زانیارییەکان، دادگاییکردنەکان وەسیم ئەسەد، بەدرەدین حەسوونی موفتی پێشوو و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی سەربازی دەگرێتەوە، کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان و پێشێلکاریی گەورە دژی گەلی سوریا رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

جێی ئاماژەیە، چارەنووسی دەیان هەزار بێسەروشوێن و زیندانی و گۆڕە بەکۆمەڵەکان، یەکێکە لە گەورەترین دۆسیەکانی بەردەم دەسەڵاتی نوێی سوریا، دوای ململانێیەک کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 500,000 کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتی.