ھەڤاڵ ئەبوبەكر بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار چاوەڕێی فەرمانە

لە كۆبوونەوەكەدا باسی ئەو بڕیارە دەكرێت

K24 - سلێمانی

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ھەڤاڵ ئەبوبەكر، فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ ئەوەی وەك پارێزگاری نوێی سلێمانی دەست بەكاربێت.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆبوونەوەدایە و یەكێك لەو خاڵانەی لەلایەن ئەنوەر تاھیر، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن خوێندرایەوە، ئەوەبوو كە ھەڤاڵ ئەبوبەكر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، چاوەڕێی فەرمانە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی وەك پارێزگاری نوێی سلێمانی دەست بەكاربێت".

ھەر پەیوەست بەو باسە دانا جەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24 گوت: "ھەر كەسێك بەشێوەی یاسایی پۆستی پارێزگار وەرگرێت پاڵپشتی دەكەین، چونكە یەكێك لەو كێشانەی كە زیاتر لە ساڵێكە سلێمانی تووشی بووە نەبوونی پارێزگارە".