لە دەڤەری ئامێدی تەرمی سێ برا پێكەوە دۆزرایەوە
ئەو سێ برایە زیاتر لە ھەفتەیەك بێسەر و شوێن بوون
K24 - دھۆك
دوای زیاتر لە ھەفتەیەك بێسەروشوێن بوونیان، تەرمی سێ برا لە گوندێكی دەڤەری ئامێدی دۆزرایەوە.
پەیامنێری کوردستان24 لە دەڤەری ئامێدی رایگەیاند: "پاش زیاتر لە ھەفتەیەك لە بێسەروشوێنبوونیان، ئەمرۆ تەرمی سێ برا بە ناوەکانی (تاهیر محەمەد و مەجید محەمەد و رەمەزان محەمەد) کە خەڵکی گوندی (نێروە - سیتۆ)ن لە ناحیەی شێلادزێ، دۆزراونەتەوە".
گوتیشی: "تائێستا ھۆكاری گیان لەدەستدانی ئەو سێ برایە بە فەرمی لەلایەن دەزگا ئەمنی و تەندروستییەكانی ناوچەكە رانەگەیەندراوە، بەڵام پێدەچێت ئەم سێ برایە بەھۆی تۆپباران و بۆردوومانی تۆپخانە و فڕۆكە جەنگییەكانی تورکیا گیانیان لەدەست دابێت".
بە گوێرەی زانیارییەكان ئەو سێ برایە لە 7/4/2018 بە مەبەستی كۆكردنەوەی گیای بەھاری لە سنووری گوندەكەیان چوونەتە شاخ، دواتر نەگەڕاونەتەوە و كەسوكارییشیان ھیچ زانیارییەكیان لەبارەوە نەزانی بوون، بەڵام لەو كاتەدا ناوچەكە لەلایەن فڕۆكەكانی توركیا بۆردوومان كراوە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە چەند رۆژێكە بە بیانووی بوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە، سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی لە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان چڕكردووەتەوە.
ھ.م



