لایەنە ناڕازییەكان بەرەیەكی ھاوبەش دروست دەكەن

دەیانەوێت بۆ ھەڵبژاردنەكانی كوردستانیش ھاپەیمانی رابگەیەنن

K24 - سلێمانی

ھەرچوار حزبە ناڕازییەکەی ھەرێمی کوردستان ئاشكرای ده‌كه‌ن، لە چەند رۆژی داھاتوودا  لەسەر ئاستی سەرکردایەتی حزبەکانیان کۆدەبنەوە  بۆ  یەکلاکردنەوەی پرسی چوونەوەیان بۆ بەغدا ئه‌مه‌ش بە دروستکردنی بەرەیەکی ھاوبەش، ئەم ھەوڵەی لایەنە ناڕازییەکان  لەکاتێکدایە كه‌ داوا له‌و لایەنانە کراوه‌ بە یەكڕیزی و یەكگرتوویی بچنەوە بەغدا و كار له‌سه‌ر پێكهێنای حكوومه‌تی داهاتوو بكه‌ن.

مستەفا عەبدوڵڵا، ئەندامی  ئەنجوومەنی جێبەجێکاری یەکگرتووی ئیسلامی بە كوردستان24 راگەیاند: "پێكھێنانی ھاوپەیمانی لەنێوان لایەنەكان ھێشتا بڕیاری لێنەدراوە، بەڵام یەكێكە لە بژاردەكانی یەكگرتووی ئیسلامی، تائێستاش وەك ھەرچوار لایەنی سیاسی بە فەرمی گفتوگۆمان لەسەر ئەو بابەتە نەكردووە، بەڵام یەكێكە لە ئاراستەكان و لە رۆژانی ئایندەدا ئەو بابەتە دێتە پێشەوە".

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لایەنە سیاسییەکانی بەغدا و ھەرێمی کوردستانی بەسەر دوو  بەرادە  دابەشکرد، بەرەی رازی لە ئەنجامەکان و بەرەكەی دیكە ناڕازی، یەكێكیان کار بۆ پێکھێنانی حکوومەت دەکات، ئەوەی دیكە بۆ ھەڵواشاندنەوەی ئەنجامەکانی ھەڵبژادن و دووبارە  ژماردنەوەی دەنگەکانیان  بەدەست.

سەبارەت بەوەی كە ئەو چوار لایەنە لە ھەرێمی كوردستانیش ھاوپەیمان بن بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو. بێستون فایەق، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت: "بەشداریكردنی ھەرچوار لایەن بە بەرەیەك لە ھەڵبژاردنەكانی كوردستان، داوایەكی رەوا و بەجێیە و باسێكی گەرمی ئەو لایەنانەیە، تاڕادەیەكی باش ئەو لایەنە سیاسیانە لە یەكترەوە نزیكن".

ھ.م