داعش دەردەكەوێتەوە و ئاوارەبوون دەستپێدەكاتەوە

"سوپای عێراق ناتوانێ بمان پارێزێ"

K24 - گەرمیان

بەھۆی ھێرشی چەکدارانی داعش بۆسەرگوندەکانی گڵاباتی سەربەناحیەی جەبارە لەسنووری خانەقین و نزیک لە شارۆچکەی کفری، کوردانی گوندەکانی گڵابات بە ناچاری ماڵ و زەوییەکانیان جێھێشت، ژمارەیەك ھاووڵاتی کورد كە لە ترسی داعش ئاوارەبوون دەڵین، لەدوای 16ئۆکتۆبەرو نەبوونی پێشمەرگە لەناوچەکانیان و داگیرکردنی لەلایەن حەشدی شەعبی وسوپای عێراقەوە سەریھەڵداوەتەوە و ئێستاش كە ھێرشەكانی داعش لە ناوچەكە دەستی پێكردووەتەوە، ھیچ ھێزێك نییە بەرگریان لێبکات.

لە چەند شەوی رابردوودا چەكدارانی داعش ھێرشیان كردە سەر گوندی گڵاباتی سەربەناحیەی جەبارە و ھاووڵاتییەكی كوردشتیان شەھید كردو یەكێكی دیكەشیان برینداركرد، ھاوكات چەكدارانی داعش ھەڕەشەی لە خەڵكی گوندەكانی ئەو ناوچەیە كردووە، بۆیە ژمارەیەك لە خەڵكی ناوچەكە ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشتوو روویان لە ناوچە ئارامەكان كردووە.

فاتیح سەمەند، یەكێكە لەو ھاووڵاتییانەی كە جارێكی دیكە لە ترسی داعش ئاوارەبووە ئەو بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر حكوومەتی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگە فریای ناوچەكان نەكەون، خەڵكەكە لە ترسی داعش ناچارن ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بھێڵن و رووبكەنە ناوچە ئارامەكان، ئەو خەڵكەش كە ئاوارە دەبێت ھەمووی خاوەنی مەڕ و ماڵات و كشتوكاڵە".

ھەروەھا دایکی محەمەد ئاوارەیەكی دیكەی ناوچەكەیە و بە سوپاسەوە باس لە خۆبەخشەكان دەكات كە ئەوانیان لە ھێرشەكانی چەند رۆژی رابردووی داعش پاراستووە و دەڵێت: "سەد ھەزارجار سوپاسگوزاری خۆبەخشەكانین، لەكاتی ھێرشی داعش بەھانامانەوە ھاتن، ئەگەر ئەوان نەبان، چەكدارانی داعش ھەموومانی دەگرت و سەری دەبڕین، سێ كاتژمێر لە گوندەكەمان شەڕ بوو".

گوتیشی: "گوندەكەی خۆمان جێھێشتووە و ھەندێك كەلوپەلی ماڵمان ھێناوە، بەڵام بەرھەمی گەنم و جۆ و مەڕ و ماڵاتمان لەوێ جێھێشتووە، لە دوای 16 ئۆكتۆبەرەوە كەس نییە بمان پارێزێ، ئێمە دەمانەوێت حكوومەتی ھەرێم كار بكات بۆ پاراستنمان و پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكە".

لەدوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری 2017 و  کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە كەركووك و بەشێك لە ناوچەكانی گەرمیان، ناوچەکە کەوتووەتە دەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، ئەوەش بوەتە ھۆکاری سەرەکی سەرھەڵدانەوەی داعش لەو سنوورە.

بورھان نامیق، ئەفسەری لیوای 136ی ھێزی پێشمەرگە لە بە كوردستان24 راگەیاند: "بە تایبەتی شەوان سوپای عێراق لە ناوچەكە ناتوانێت بەرگری لە خەڵكی ناوچەكە بكات، بۆشایی ئەمنی دروستبووە، بۆیە داعش سەریھەڵداوەتەوە".

ھ.م