بەحرەین و کوەیت سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر وڵاتەکانیان دەکەن

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین و سوپای کوێت، ئەمڕۆ شەممە، رووبەڕووبوونەوەی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆن لەلایەن ئێرانەوە راگەیاند. 

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و داوای لە ئێران کرد گەرووی هورمز بەبێ هیچ کۆت و بەندێک بەڕووی هاتوچۆی نێودەوڵەتیدا بکاتەوە. بەحرەین داواشی لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد شوێنی مینە دەریاییەکان ئاشکرا بکەن و هاوکاری بن لە لادانیان بۆ پاراستنی سەلامەتی کەشتیوانی.

وەزارەتەکە جەختی کردەوە، پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵات هێڵی سوورە و هەموو رێکارێکی شەرعی بۆ پاراستنی خاکەکەی دەگرێتە بەر، هاوکات متمانەی خۆشی بە پشتیوانیی هاوپەیمانەکانی دەربڕی.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتی سوپای کوەیت رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەرپەرچی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانی داوەتەوە. سوپای کوەیت سەرکۆنەی ئەو هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی کرد و داواشی لە هاووڵاتیان و نیشتەجێبووان کرد پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئێران7 مووشەکی بالیستی بەرەو بەحرەین و کوەیت هەڵداوە و 6 مووشەکیان خراونەتە خوارەوە و مووشەکی حەوتەمیش نەگەیشتووەتە ئامانجەکەی. ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشتر 4 درۆنی ئێرانییان لە نزیک گەرووی هورمز تێکشکاندووە و هیچ زیانێکی گیانی لەنێو هێزەکانیاندا نەبووە.