هونەرمەندێک فێرگەیەکی میوزیکی کوردی لە دیمەشق کردووەتەوە

مەحموود خەلیل، هونەرمەند و موزیکژەنێکی کوردە لە دیمەشق، ماوەی 10 ساڵە فێرگەیەکی میوزیکی کردووەتەوە بۆ ئەوەی منداڵان و گەنجانی کورد فێری ژەنینی ئامێری تەمبوور بکات، بە مەبەستی پاراستنی کلتووری رەسەنی نەتەوەکەی و رێگریکردن لە لەناوچوونی زمان و هونەری کوردی.

مەحموود خەلیل، خەڵکی شارۆچکەی تربەسپییە لە رۆژئاوای کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی 35 ساڵە لە شاری دیمەشق دەژی. ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوە دا، نزیکەی 10 ساڵە دەستی بە فێرکردنی ئامێری تەمبوور بە منداڵان و گەنجانی کورد کردووە. 

روونیشی کردەوە، ئامانجی سەرەکی لەم کارە پاراستن و گواستنەوەی کلتوور و هونەری رەسەنی کوردییە بۆ نەوەکانی داهاتوو، بۆ ئەوەی منداڵانی کورد لە دەرەوەی زێدی خۆیان زمان و موزیکی دایکیان لەبیر نەکەن.

ڤیمبین رەشید، فێرخوازێکی موزیکە لە فێرگەکە، ئاماژەی بەوە کرد، چەند ساڵێکە سەرقاڵی فێربوونی تەمبوورە و دەیەوێت لە رێگەی ئەم ئامێرەوە کلتووری نەتەوەکەی بپارێزێت. جیلان سلێمان، فێرخوازێکی دیکەیە، رایگەیاند، زۆر حەزی لە ژەنینی تەمبوورە، خێزانەکەشی هاوکار و هاندەرێکی زۆریان بوون بۆ ئەوەی بەردەوام بێت. 

لەم کاتەدا ئەو هونەرمەندە لە نێو فێرگەکەیدا لە "وادی مەشاریع" پێشوازی لە بەهرەمەندانی نوێ دەکات، رۆژانە وانەی موزیک و نۆتە بە فێرخوازان دەڵێتەوە، تاوەکو بەردەوامی بەم میراتە دێرینە بدات و گیانی نەتەوەیی لە ناخیاندا زیندوو رابگرێت.