شوکر بلباس کتێبی ژیانی هونەر و هونەری ژیانی بڵاوکردەوە

شوکر بلباس، نووسەر و شێوەکاری کورد، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناوی "ژیانی هونەر و هونەری ژیان"، بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، شوکر بلباس، نووسەر و شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی گوت، "ئەم کتێبە تەنیا کۆکراوەی چەند وتار و نووسینێکی هونەری نییە، بەڵکو تۆمارکردنی ئەزموون و بیرکردنەوەیەکی درێژخایەنە لەسەر هونەر و شوێنی من لە ژیانی مرۆڤدا. ئەم کتێبە کە لە نووسینە بڵاوکراوەکانی ماوەی ساڵانی 2003 تاکو ئێستا پێکهاتووە، خوێنەر ئاشنا دەکات بە ژمارەیەک بابەتی گرنگی پەیوەست بە شێوەکاری و جوانیناسی."

شوکر بلباس گوتیشی، "لە ناوەڕۆکی کتێبەکەدا باس لە مێژووی شێوەکاری، پەرەسەندنی قوتابخانە هونەرییەکان، رەوت و ئاراستە جیهانییەکانی هونەر، و کاریگەری کۆمەڵایەتی و کولتووریی هونەر دەکەم. هەروەها من هەوڵمداوە رۆڵی هونەرمەند و بەرپرسیارێتیی خۆم لە بەرامبەر کۆمەڵگە بخەمەروو و گرنگیی هونەر وەک زمانێکی گەردوونی بۆ گواستنەوەی هەست و بیرە مرۆییەکان روونبکەمەوە."

ئەو نووسەرە باس لە گرنگی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی دەکات و دەڵێت، "بەشێکی گرنگی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ بابەتەکانی جوانیناسی و رەخنەی هونەری، کە تێیدا خوێنەر فێری شێوازی سەیرکردن، تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە هونەرییەکان دەبێت. ئەم بابەتانە هەوڵدەدەن تەنیا سەرنج لەسەر شێوە و رووکار نەکەون، بەڵکو واتا، پەیام و بنەمای فکریی کارە هونەرییەکانیش بخەمە بەر لێکدانەوە."

شوکر بلباس ئاماژەی بەوەش دا، "کتێبەکە هەروەها چەندین وەرگێڕان و ئامادەکردنی تایبەتی لە سەرچاوە ئینگلیزی و ئەڵمانییەکانەوە لەخۆدەگرێت کە بابەتگەلێکی جیهانی لە بواری هونەر و شێوەکاری دەخەمە بەردەستی خوێنەری کورد. ئەمانە دەرگایەک دەکەنەوە بۆ ناسین و تێگەیشتنی ئەزموونە هونەرییەکانی جیهان و بەراوردکردنیان بە ئەزموونی هونەری ناوخۆ."

شوکر بلباس باسی لەوەش کرد، "ئەو کتێبە بیرکردنەوەیە لە پەیوەندیی نێوان هونەر و ژیان؛ ئەو پەیوەندییەی کە هونەر تەنیا وەک بابەتێکی جوانکاری ناناسێنم، بەڵکو وەک شێوازێک بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ، کۆمەڵگە و مانای بوون دەخەمەروو. بۆیە کتێبەکە دەتوانێت سەرچاوەیەکی سوودبەخش بێت بۆ هونەرمەندان، قوتابیان، توێژەران و هەموو ئەو کەسانەی حەزیان بە ناسینی دنیای هونەر و جوانیناسی هەیە."

شوکر بلباس، نووسەر و شێوەکاری کورد، دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی سەلاحەددینی هەولێرە. چەندین نووسین و بڵاوکراوەی هەیە کە لە زۆربەی رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردۆتەوە.