رێگەی ھەولێر - كەركووك دەكرێتەوە
بازگەی گومرگی لە نزیك پردێ دادەنرێت
K24 - كەركووك
له بارهی كردنهوهی رێگهی ههولێر- كهركووك، بە گوێرهی زانیارییەکانی کوردستان24 هەردوولایهنی ههولێر و بهغدا گەیشتوونەتە رێكکەوتنی کۆتایی بۆ کردنەوەی رێگەکە و بڕیارە پێش چەژنی قوربان هاتووچۆی پێدا بکرێت، بەڵام حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە کە لەنزیک پردێ خاڵێکی گومرکی دابنێت بۆ هەر شمەك و کاڵایەك کە دێتە شارەکەوە گومرکی بکات، بەمەش زیانەکان زیاتر بۆ کورد دەبێت و بە دیاری کراویش بازاڕی کەرکووك كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخ دەکات.
رێگەی کەرکووك- هەولێر چی دیکە رێگە کراوەکەی پێش 16 ئۆکتوبەر نییە، کە بازرگانان و هاووڵاتیانی کەرکووك بە ئارەزووی خۆیان جموجۆڵی بازرگانیانی پێدا دەکرد.
سەرباری ئەوەی ئێستا رێگەکە داخراوە، بەڵام بەپێی رێکەوتنی نێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق بێت، بڕیارە پێش چەژنی قوربان ئەو رێگەیە بکرێتەوە.
سەعد مەعن، گوتەبێژی وەزارەتی ناخۆی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "دەربارەی كردنەوە رێگەی ھەولێر- كەركووك، رێكارەكان ئەرێنین و ھەماھەنگی بۆ كرانەوەی رێگەكە كراوە، پێموانیە كێشەیەكی ئەوتۆ ھەبێت، ھەموو رێگەكان دەكرێنەوە و ھەنگاوەكان بە كۆتا ھاتوون، ئەوەی ماوەتەوە رێكاری ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك و رێكخستنی ئەمنییە بەھاوكاری لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە".
داخستنی رێگەکە بە تەواوی کاری خستووەتە سەر جموجۆڵی بازرگانی، پێش 16ی ئۆکتۆبەر ئەگەر کرێی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە هەولێرەوە بۆ کەرکووك 200 هەزار بووبێت، ئەوە ئێستا نرخەکەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە، ئێستاش کە پرسی دانانی خاڵێکی گومرگی هاتووەتە پێشەوە لە نزیك شارۆچکەی پردێ سەر بە کەرکووك باجەکەی تەنها هاووڵاتیان دەیدەن، چونکە نرخی شمەکەکانن لە بازاڕەکاندا بەرز دەبێتەوە.
لەوبارەوە بازرگانێكی شاری كەركووك بەناوی عومەر عەلی دەڵێت: "ئەو گومرگەی بە تەمان لە پردێ دایبنێن، باجەكەی تەنھا خەڵكی ھەژار دەیدات، من دوكاندارم كاتێك بارزگان شتم بۆ دێنێ خێری خۆی دەخاتەسەر منیش بە ھەمان شێوەی ئەو، لەوكاتە تەنھا خەڵك زەرەر دەكات".
ھ.م