بولگاریا رێگەی بە جێگیرکردنی فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکا دا
پەرلەمانی بولگاریا بە زۆرینەی دەنگ رێگەدانی بە جێگیرکردنی کاتیی هەشت فڕۆکەی سووتەمەنیبەخشی ئەمریکی لە بنکەی سەربازیی بێزمەر پەسەندکرد، سەرەڕای هۆشدارییە توندەکانی ئێران کە رایگەیاندبوو ئەم کارە سۆفیا دەکاتە هاوبەشی تاوانەکانی جەنگ دژی تاران.
چوارشەممە 22ـی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"، پەرلەمانی بولگاریا بە فەرمی رەزامەندی پیشاندا لەسەر جێگیرکردنی کاتیی فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆ دابینکردنی سووتەمەنی لە بنکەی سەربازیی "بێزمەر" کە 260 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی سۆفیاوە دوورە، سەرەڕای دژایەتیی توند لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە.
دیمیتار ستۆیانۆڤ، وەزیری بەرگریی بولگاریا لەبەردەم نوێنەرانی پەرلەماندا بەرگری لەم بڕیارە کرد و رایگەیاند: "هیچ جۆرە چەکێکی هێرشبەر لەسەر خاکی بولگاریا جێگیر ناکرێت. ئەم نیشتەجێکردنە کاتییە سۆفیا ناکاتە لایەنێک لە جەنگ و ململانێ سەربازییەکاندا." گوتیشی: واشنتن بەڵێنیداوە کاربکات بۆ پاراستن و دوورخستنەوەی هەر مەترسییەک لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی بولگاریا.
پڕۆژەیاساکە بە زۆرینەی 136 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 13 دەنگی نەخێر پەسەندکرا. بەپێی بڕیارەکە، رێگە دەدرێت بە جێگیرکردنی 8 فڕۆکەی گواستنەوەی سووتەمەنی لە جۆری (KC-135)، هاوشانی ناردنی 250 سەربازی ئەمریکی بۆ بولگاریا کە وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپایە لە ماوەی نێوان 24ی تەممووز تاوەکو یەکەمی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ.
ئەم بڕیارە کاردانەوەی توندی تارانی لێکەوتەوە؛ دوێنێ سێشەممە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دابووە سۆفیا لەوەی کە رێگەدان بە ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی خاکی بولگاریا دژی ئێران، سۆفیا دەکاتە هاوبەشی دەستدرێژیکار و پێشێلکارانی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
هاوکات فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا (EUCOM) رایگەیاند، ئەوان لە هاوکارییە ئەمنی و چاودێرییە سەربازییەکانیان لەگەڵ بولگاریا بەردەوام دەبن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە مەترسی و هەڕەشەیەکی ئەگەری لە ناوچەکەدا.