ژنان چاویان لە پۆستە باڵاكانی حكوومەتە
داوا دەکەن لە کابینەی داھاتووی حکوومەت پۆستی زیاتر بە ژنان بدرێت
K24 - سلێمانی
ژنانی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، داوا دەکەن لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پۆستی زیاتر بە ژنان بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانن پێگەی خۆیان لەناوەندە حکوومییەکان بەھێزتر بکەن و بە ئاسانی مافەکانیانیان بەدەست بێنن، بۆ ئەم مەبەستەش چەند ھەنگاوێکی کرداریان گرتووەتەبەر.
ھێشتا ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستپێنەکردووە، بەڵام ژنان کوردستان داوا دەکەن لە کابینەی داھاتوودا حکوومەت پۆستی زیاتر بە ئافرەتان بدرێت و لە دامەزراوەكانی حكوومەت و ناوەندەكانی بڕیاری بەشداری كارایان پێبكرێت.
لەوبارەوە شنۆ عوسمان، چالاكوانی بواری ژنان بە كوردستان24 گوت: "ھانی حكوومەت دەدەین كە پشكی ژنان لە كابینەی داھاتوو پشگوێ نەخەن، ھەروەھا ژنان زیاتر بەشداربن لە كابینەی نوێ و پرۆسەی سیاسی و ئیداری".
ژنان ھەنگاوەكانیا دەستپێكردووە و ماوەیەك بەر لە ئێستا چەند رێکخراوێکی تایبەت بە ژنان، یاداشتێکیان بۆ لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان ئامادەکردووە و تێیدا داوای زیادکردنی رێژەی ژنان لە حکوومەت و پێدانی پۆستی زیاتر كرد لە ھەمانکاتدا دەیەنەوێت رۆڵیان لەو پرۆژە یاسایانە ھەبێت كە تایبەتە بە ژنان لە پەرلەمانی كوردستان.
نازانین عوسمان، مامۆستای زانکۆ دەڵێت: "دەبێ ژنان خۆیان رێكبخەن، بۆ ئەوەی داوا لەو ژنانە بكەین كە دەچنە پەرلەمان بەدواداچوون بكەن بۆ كۆمەڵێك بابەت، ھەندێك كەیس ھەیە دەبێ بیجوڵێنین، ھەندێك بابەتی دیكە ھەیە بە پێچەوانەی خواستی ژنان دەجوڵێندرێ، بۆیە دەبێ ژنان لە پۆستەكانیان چالاك بن".
لە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 241 کاندیدی ژنان لەسەر 34 کورسی کە بەشێوەی کۆتا بۆ ژنان دیارکراون کێبڕکێیان کرد، بەشێك لە کاندیدە ژنان توانیان بەبێ سیستمی کۆتا سەرکەوتن بە دەستبھێنن و بەشێکی دیکەشیان بە شێوەی کۆتا دەبنە پەرلەمانتار، بەپێی یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت 25% ـی پۆستە حکوومییەکان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەببرێن.
ھ.م