بەغدا پێكھاتەكانی كەركووك توڕە دەكات

وشەكانیش بەبێ پێدانی باج و سەرانە دەربازی كەركووك نابن

K24 - كەركووك

دانانی خاڵە گومرگییەکانی کەرکووك هاوڵاتییانی ئەو شارەی بەسەرجەم پێکهاتە و نەتەوەکانەوە نیگەرانکردووە، هاوکات بەهۆی گرانبوونی نرخی شتوومەك و کەلوپەلەکانەوە جووڵەی بازاڕیش لاوازبووە و دوکاندار و کاسبکارانی تووشی زیانکردووە. جگە لە شتوومەك تەنانەت هێنانی کتێبە کوردییەکانیش بۆ ئەو شارە بە بێ گومرگ دەرباز نابێت.

بە پێچەوانەی ھەموو سەردەمەكانی پێشوو ئێستا وشە كوردییەكانیش بەبێ باج و سەرانە لە كەركووك دەربازیان نابێت، وەرگرتنی باج لەبەرامبەر كتێب قەیرانی خوێندنەوەی لە كەركووك زیاتر كردووە.

بەکر لەتیف، خاوەنی یەكێك لە کتیبخانەكانی كەركووك بە كوردستان24 گوت: "لە سەردەمی سەدام حوسێنیش باج لەسەر كتێب نەبووە و لە بازگەكان گومرگ نەكراوە، ئەوەی ئێستا لە بازگەكانی كەركووك ھەیە شتێكی زۆر سەیر و سەمەرەیە، دیارە ئەوانەی ھاتوون زۆر چاوچنۆكن، دەیانەوێت ھەموو بوارەكان بقۆزنەوە و لە ھەموو شتێكی ئەم شارە سودمەندبن، ئێستا خوێنەری كتێب خۆی كەمبووەتەوە، جا گومرگی بخرێتە سەر ئەوەندەی دیكە خوێنەر نامێنێ، ئەوەی دەكرێت لەو بازگانە بەڕاستی كارەساتە".

دانانی دوو خاڵی گومرگی لەنێوان كەركووك- ھەولێر و كەركووك- سلێمانی، نرخی كەلوپەلی لە كەركووك بەرزكردووەتەوە و كار و كاسبی لە بازاڕەكانی ئەو شارە لاوازكردووە، سەرەتا دەنگی ناڕەزایەتی تەنھا لەناو نەتەوەی كورد بوو، بەڵام ئێستا نەتەوەكانی دیكەش دركیان بە خراپی دۆخەكە كردووە.

ھاووڵاتییەكی كەركووك لە نەتەوەی توركمان لەوبارەوە بۆ كوردستان24 دواو گوتی: "من توركمانم دەتوانن خەڵك لە نەتەوەكانی دیكەش بانگ بكەن و بیاندوێنن، كەس رازی نییە لەو جۆرە كارو كاسبییە، تەمەنم 59 ساڵە و ھیچ مووچەیەكم نییە و تەنھا لە بازاڕ كاسبم، ھەندێك رۆژ تەنھا 5 ھەزار دینار دێتە گیرفانم، ئاخر چۆن بژیم، چی ببەمەوە ماڵ و چۆن كرێی دوكانەكەم بدەم؟ بازاڕمان سفرە و دانانی گومرگەكان بازاڕی تەواو لاوازكردووە".

سەبارەت بە دانانی گومرگ لەنێوان ھەرێمی كوردستان و كەركووك. محەمەد عوسمان، پەرلەمانتاری خوولی پیشووی پەرلەمانی عیراق كە خۆشی خەڵكی شاری كەركووكە، بە كوردستان24 راگەیاند: "پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق واژوویان كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو خاڵە گومرگیانە نەمێنن، دانانی ئەو گومرگانە مانای ئەوەیە كە دوو دەوڵەتی جیان، دانانی گومرگ لەنێوان ھەولێر- كەركووك و سلێمانی- كەركووك، كارێكی نادەستوورییە. ھیوادارم دوای پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق فشارێكی كوردانە دروست بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو گومرگانە لابدرێن، چونكە بەڕاستی خەڵكی تەواو بێتاقەت كردووە".

ھ.م