تورکیا بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بۆ خوار تەمەن 15 ساڵی قەدەخە دەکات

پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە تێیدا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ قەدەخە دەکرێت.

پڕۆژەیاساکە لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە ئامادەکراوە و ئامانجی پاراستنی منداڵ و هەرزەکارانە لە مەترسییەکانی جیهانی دیجیتاڵ.

بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، دەبێت پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا "ناوەرۆکی پاڵێوراو" بۆ بەکارهێنەرانی خوار 18 ساڵ دابین بکەن و سیستەمێکی توندیش بۆ دڵنیابوونەوە لە تەمەنی بەکارهێنەران پێش کردنەوەی هەژمار پەیڕەو بکەن.

هەروەها یاساکە سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە کاتەکانی شەودا بۆ ئەو ئامێرانەی مێرمنداڵان بەکاری دەهێنن لەخۆدەگرێت، هاوکات کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی رێکارە تەکنیکییەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونی بەکارهێنەران بەو پێوەرە نوێیانەوە.

سەرەڕای پەسەندکردنی، یاساکە رووبەڕووی هەندێک رەخنە بووەتەوە، بەتایبەت سەبارەت بە میکانیزمە تەکنیکییەکانی دڵنیابوونەوە لە تەمەنی بەکارهێنەران.

ئوسترالیا وەک یەکەمین دەوڵەت لە جیهاندا پێشەنگی ئەم هەنگاوەی گرتەبەر، کاتێک لە تشرینی دووەمی 2024دا، پڕۆژەیاسایەکی هاوشێوەی پەسەند کرد، یاساکەی ئوسترالیا توندترە و تەمەنی 16 ساڵی وەک سنوور دیاریکردووە، هەروەها سزای دارایی قورسی تا 33 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەسەر ئەو کۆمپانیایانەدا سەپاندووە کە رێگە بە منداڵانی خوار ئەو تەمەنە دەدەن هەژمار بکەنەوە.

ئامانجی ئەو یاسایەش هاوشێوەی تورکیا، پاراستنی گەنجان بوو لە مەترسییەکانی جیهانی دیجیتاڵ و توندوتۆڵکردنی یاساکانی سەلامەتی ئینتەرنێت.