گەشتوگوزاری هەرێم: ئاسانکاریی بۆ هاتنی گەشتیاران کراوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند؛ دوای جێگیربوونی بارودۆخەکە، گەشتیاران بە ژمارەیەکی بەرچاو دەستیان کردووەتەوە بە سەردانیکردنی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە تا ئێستا ئاماری کۆتایی لەبەردەست نییە، بەڵام فیدباکی تیمە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لێشاوێکی زۆری گەشتیار رووی لە هەرێم کردووە.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار جەختی لەسەر ئامادەکارییەکانی وەرزە کردەوە و گوتی: "بەهۆی ئەوەی لە وەرزی بەهارداین و گەشتیاران زیاتر روو لە سروشت دەکەن، هەڵمەتێکی فراوانمان بۆ پاراستنی ژینگە دەستپێکردووە. ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ژینگە و رێکخراوە مەدەنییەکان ئەنجام دەدرێت، تێیدا رێنمایی و کیسەی خۆڵ لە بازگەکاندا بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەکرێت."
سەبارەت بە شێوازی پێشوازیکردن لە گەشتیاران، ئیبراهیم عەبدولمەجید سوپاسی هێزە ئەمنییەکان و بازگەکانی کرد بۆ ئەو ئاسانکارییە تەواوەی پێشکەش بە گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی دەکەن. رایگەیاند؛ مامەڵەیەکی شایستە و یاسایی لەگەڵ گەشتیاران دەکرێت، ئەمەش بووەتە جێگەی رەزامەندی و دەستخۆشی گەشتیاران.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، تەواوی هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی پێویستدابن و گەشتیاران لە ماوەی مانەوەیاندا لە هەرێمی کوردستان هەست بە ئاسوودەیی بکەن.