وەزارەتی پەروەردە شێواز و رەنگی نوێی یەکپۆشی قوتابیان راگەیاند
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا گۆڕانکاری لە شێواز و رەنگی جلوبەرگی قوتابیان بکات و وەزیری پەروەردەش رایدەگەیەنێت، بڕیارەکە بۆ رێگریکردنە لە قۆرخکاری و سووککردنی بارگرانییە لەسەر شانی دایک و باوکان.
پێنجشەممە 23ی نیسانی 2026، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 شێواز و رەنگی جلوبەرگی قوتابیان لە باخچەی منداڵانەوە تاوەکو قۆناخی 12ی ئامادەیی دەگۆڕدرێت. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم راگەیاندنە پێشوەختەیە بۆ ئەوەی بازرگانان و ناوەندەکانی خوێندن کاتی پێویستیان لەبەردەستدا بێت و هیچ زیانێکی داراییان بەرنەکەوێت.
وەزیری پەروەردە جەختی کردەوە کە ئەم پڕۆسەیە بە هیچ جۆرێک قۆرخکاری تێدا نییە و هەر بازرگانێک دەتوانێت بەپێی ئەو دیزاین و مواسەفاتانەی دیاریکراون، جلوبەرگەکان هاوردە بکات یان دروستیان بکات. هەروەها راشیگەیاند، هیچ بەڕێوەبەرێکی قوتابخانە مافی ئەوەی نییە دایک و باوکی قوتابی ئاراستە بکات بۆ کڕینی جلوبەرگ لە شوێن یان کۆمپانیایەکی دیاریکراو، بەڵکو دایک و باوک ئازادن لە هەر شوێنێک بیەوێت جلوبەرگەکە بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن.
سەبارەت بە پارچەکانی جلوبەرگەکە، تەنیا 3 پارچە (پانتۆڵ، تیشێرتی قۆڵکورت و تیشێرتی قۆڵدرێژ) وەک یەکپۆشی دیاریکراون. وەزارەتی پەروەردە بۆ کەمکردنەوەی تێچوو، قەمسەڵە و جلوبەرگی وەرزشی لە ناو پڕۆسەی یەکپۆشی دەرهێناوە.
رەنگەکان بەگوێرەی قۆناخەکانی خوێندن بەم شێوەیە دیاریکراون:
- باخچەی منداڵان: تیشێرتی نارنجی و پانتۆڵی نیلی.
- قۆناخی 1 تاوەکو 6ی بنەڕەتی: تیشێرتی مارۆنی و پانتۆڵ یان تەنوورەی نیلی.
- قۆناخی 7 تاوەکو 9ی بنەڕەتی: تیشێرتی نیلی و پانتۆڵ یان تەنوورەی رەساسی.
- قۆناخی 10 تاوەکو 12ی ئامادەیی: تیشێرتی رەساسی و پانتۆڵ یان تەنوورەی رەش.
هەروەها کوالیتی جلوبەرگەکانیش دیاریکراوە، بە جۆرێک دەبێت رێژەی لۆکە (Cotton) لە تیشێرتەکاندا لە 70% کەمتر نەبێت، ئەمەش بۆ پاراستنی تەندروستی و دابینکردنی کوالیتییەکی بەرز بۆ قوتابیان.



