هاووڵاتییان داوای دابه‌شكردنی نه‌وت ده‌كه‌ن

"بەم سەرمایە نەوت لە ماڵەكەماندا نییە"

K24 - زاخۆ

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه‌ هاووڵاتییان داوای دابه‌شكردنی نه‌وت ده‌كه‌ن.

له‌ زاخۆ هاووڵاتییان له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار داواكارن هه‌رچی زووه‌ بڕی سووته‌مه‌نی پێویستیان به‌سه‌ردا دابه‌ش بكه‌ن و هه‌روه‌ها هاووڵاتییان ده‌شڵێن "نرخی نه‌وت له‌ بازاڕ گرانه‌ و پێویسته‌ حكوومه‌ت ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی نه‌وت بكات".

ھاووڵاتییەكی دانیشتووی قەزای زاخۆ بە كوردستان24 راگەیاند: "نەوت نییە ئێستا بە دەبە نەوت دەكڕین ئەوەش بەشمان ناكات، ئێستای كاتی ئەوەیە حكوومەت دابەشی بكات، ئەگەر زستان تەواو بوو نەوتمان بۆچییە؟، داھاتی رۆژانەی من 10 ھەزارە و ئەویش ئێواران دەیدەم بە نەوت و دەچمەوە ماڵەوە".

ھاووڵاتییەكی دیكە دەڵێ: "بەم سەرمایە نەوت لە ماڵەكەماندا نییە و لە سەرمان دەچینە ژێر بەتانی، ئێستا نەوت دابەش نەكەن ھاوین بۆچیمە خۆ نایكەمە موبەریدە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین نەوت دابەش بكەن، ئێمە دەتانین بەرگە بگرین، بەڵام منداڵەكانمان چی بكەن؟".

خاوەن یەكێك لە وێستگەكانی دابەشكردنی سوتەمەنی لە زاخۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە خەڵك لە بێ پارەی نەوت ناكڕن، ئەو دەڵێ: "ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوت 140 ھەزار دینارە، بەڵام كەم دەفرۆشێت، چونكە خەڵك پارەی نییە".

نیشان بوخوس، نوێنەری قایمقامیەتی زاخۆ بە كوردستان24 راگەیاند: "لە ناوچە شاخاوییەكان دەست بە دابەشكردنی نەوت كراوە، لە دوای ناوچە شاخاوییەكان لە سەنتەری قەزای زاخۆ دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكرێت".

ھ.م