چواردەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە شاری هەولێر دەکرێتەوە

کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی پێشانگاکە دەبێت

K24 – هه‌ولێر:

رۆژی چوارشەممە 03/04/2019، چواردەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە شاری هەولێر بە سپۆنسەریی میدیایی کوردستان24 دەکرێتەوە و بۆ ماوەی 11 رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی پێشانگاکە تەواوبوون و ئەوەی ئەم پێشانگایە لە پێشانگاکانی ساڵانی رابردوو جیا دەکاتەوە ئەوەیە، پێشانگاکە گەورەترە و نزیکەی 300 دەزگای چاپەمەنی بەشدارییان تێدا کردووە.

هەردی عومەر، بەڕێوەبەری کارگێڕی پێشانگاکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە 3 تا 13 ئام مانگە – نیسان، چواردەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە شاری هەولێر دەکرێتەوە، 300 دەزگای چاپ و بڵاوکراوە لە 21 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان تێدا کردووە".

گوتیشی :"رۆژانە چەند چالاکییەکی رۆشنبیریی تیایدا بەڕێوه‌ دەچن و 100 نووسه‌ر و رۆشنبیر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە پێشانگاکە بەشدار دەبن".

ئاماژەی بەوەش دا، 50 دەزگای بیانی، 200 دەزگای عەرەبی و 40 دەزگای کوردی بەشداریی دەکەن.

بابەتەکان هەمەچەشن دەبن و نزیکەی یەک ملیۆن کتێب نمایش دەکرێن، رێگریش لەو کتێبانە کراوە کە بیری تووندڕەویی بڵاودەکەنەوە.

H.J