حکوومەتی چین: ئاگربەست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستووەتە دۆخێکی هەستیار
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، بەهۆی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت.
گوا جاکن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، لە پەیامێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس، هەڵوێستی حکوومەتی وڵاتەکەی لەبارە درێژکردنەوەی ئاگربەستی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیاند و نووسیویەتی "دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان جەنگ و ئاشتیدا ماوەتەوە، ئەمەش وایکردووە ناوچەکە لە بەردەم چارەنووسێکی نادیار بمێنێتەوە، تەنیا ئەوەی هەیە ئامانجێکە بۆ رێگری لە دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان".
هەروەها بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی دێژکردنەوەی ئاگربەست، وەک پێدانی دەرفەتێکی دیکە بە ئێران باسکرد گوتی، بۆ ئەوەیە سەرکردایەتی ئێستای ئێران بتوانن کاتێکی دیکەیان لەبەردەم بێت بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان.
سەبارەت بە رۆڵی حکوومەتی چین لە پرسی ئاگربەست و ئاشتی نێوان ئەمریکا و ئێران، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەیداوە، کە وڵاتەکەی لە هەوڵ و رۆڵی بنیاتنەر لەنێوان هەدوو وڵات بەردەوام دەبێت.
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ماوەی ئاگربەستی دوو هەفتەیی بەرانبەر بە ئێران درێژکردەوە و لە تۆڕی سۆشیەل تروس نووسی " بڕیاری داوە وادەی ئاگربەست بەرانبەر بە ئێران درێژ بکاتەوە و هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر تاران رابگرێت." ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ کۆتا رۆژی ئاگربەستی 8ـی نیسانە.
هەروەها ترەمپ ئاشکرای کردووە، ئەم بڕیارەی لەسەر داوای عاسم مونیر سوپاسالاری پاکستان و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بووە کە داوایانکردووە هێرشەکانمان بۆ سەر وڵاتی ئێران رابگرین تا ئەو کاتەی سەرکردە و نوێنەرانی ئێران دەگەنە پێشنیازێکی یەکگرتوو.
دوای 40 رۆژی جەنگ، کە لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازیی و پێگە سەرەکی و هەستیارەکانی ئێران دەستپێکرد، لە 8ـی ئەم مانگە، ئەمریکا لەسەر داوای پاکستان ئاگربەستی راگەیاند، بەڵام لە 12ـی ئەم مانگەوە گەمارۆی دەریایی بە سەر بەندەرەکانی ئێران جێبەجێکرد.
بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندی داونوستانکاری ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد کۆببنەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران تاوەکوو ئێستا مکوڕە لەوەی هیچ شاندێک نەنێرێتەوە دانوستان و لە ئاستی باڵاشەوە بێمتمانەیی خۆیان بەرانبەر بە ئێران راگەیاندووە.