نیویۆرک تایمز: لوفتهانزا 20 هەزار گەشتی ئاسمانی بەهۆی قەیرانی سووتەمەنی هەڵوەشاندەوە

کۆمپانیای لوفتهانزای ئەڵمانی بڕیاری داوە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا 20 هەزار گەشتی ئاسمانی کەم بکاتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە نرخی سووتەمەنی فڕۆکە بە رێژەی زیاتر لە 70% بەرزبووەتەوە و جیهان رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی وزە بووەتەوە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز.

بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، هێڵە ئاسمانییەکانی "لوفتانزا گرووپ" بۆ پاشەکەوتکردنی سووتەمەنی و رووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکان، 20 هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاندووەتەوە. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی پاشەکەوتکردنی 40,000 تۆن سووتەمەنی تاوەکو کۆتایی مانگی 10ی ئەمساڵ.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە نرخی جیهانیی سووتەمەنی فڕۆکە لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە کۆتایی مانگی شوبات، بە رێژەی زیاتر لە 70% بەرزبووەتەوە. ئەمەش گوشارێکی گەورەی خستووەتە سەر کۆمپانیا ئەوروپییەکان، چونکە 41%ی سووتەمەنی هاوردەکراوی ئەوروپا لە گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕێت کە ئێستا بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە پەکی کەوتووە.

فاتیح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە هۆشداری داوە کە ئەوروپا تەنیا بۆ ماوەی شەش هەفتە سووتەمەنی فڕۆکەی لە کۆگاکانیدا ماوە. لەبەر ئەوەش، وەزیرانی گواستنەوەی ئەوروپا کۆبوونەتەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە و دابینکردنی سووتەمەنی لە ئەمریکاوە.

لوفتهانزا رایگەیاندووە، گەشتە کورتەکانی لە شارەکانی فرانکفۆرت و میونشن کەمدەکاتەوە و 27 فڕۆکەی مۆدێل کۆنیش بە یەکجاری لە کار لادەبات. هاوکات کۆمپانیاکانی دیکەی وەک "رایان ئێر" و "کەی ئێڵ ئێم"یش هۆشدارییان داوە لەوەی کە تەنیا بۆ ماوەیەکی کەم سووتەمەنییان لەبەردەستە و ناچارن بەشێک لە گەشتەکانیان کەم بکەنەوە.