كاره‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ له‌ كۆتاییدایه‌

لایه‌نه‌كان به‌ چه‌ند پێوه‌رێك كاندیده‌كانیان یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه‌

K24 - سلێمانی:

ھەنگاوەكانی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە قۆناخەكانی كۆتاییدایە و لایەنەكان لەناوخۆیاندا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی سیڤی كانیدانیان پێشكەشی راسپێردراوی پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێم بكەن، كە ھەر یەكە بە گوێرەی مەرج و پێوەرەكانی خۆیان كاندیدەكانیان یەكلایی دەكەنەوە.

پێكھێنانی كابینەی نوێ لە ھەنگاوەكانی كۆتاییدایە، لە ماوەی رابردووشدا مەسرور بارزانی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆی سەردانی ئەو ھێزو لایەنانەی کرد کە بڕیاریانداوە بەشداری حکوومەت بکەن بۆ ئەوەی  سیڤی کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن بۆ پۆستە وەزاریيەکان، لایەنە سیاسیەکانیش لە ناوخۆی خۆیاندا رێکارەکانی دیاریکردنی کاندیدەکانیان دەستپێکردووە و لە قۆناخی کۆتايیدان.

یەکێتی لیژنەیەکی لە ئاستی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی حزبەکەی پێکھێناوە و عومەر فەتاح سەرپەرشتی کارەکانی دەکات، پەرلەمانتارێکی ئەو حزبەش باس لەو پێوەرانە دەکات کە یەکێتی بۆ کاندیدانی پۆستە وەزاریيەکانی داناوە.

یەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدانی پۆستە وەزارییەکان لای بزووتنەوەی گۆڕان یەکلابووەتەوە و تەنیا ئەوەی ماوە لە کۆبوونەوەیەکی جڤاتی نیشتمانیدا بڕیاری کۆتايی لەسەر بدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کۆدەبێتەوە و کاندیدەکانیان رادەستی کەسی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەت دەکەن.

مەسرور بارزانی لەسەرجەم كۆبوونەوەكانی لەگەڵ ئەو لایەنانەی بەشداری حکوومەت دەکەن داوای لێکردوون،  پێش وادەی دیاریکراو پێکھاتەی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی كوردستان بخەنە بەردەم پەرلەمان و ئاماژەکانیش ئەوە نیشان دەدەن کە پێشبینی دەكرێت تاکۆتایی ئەم مانگە لایەنەکان لیستی کۆتایی کاندیدەکانیان پێشکەش بە ڕاسپێردراوی پێکھێنانی حکومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان بکەن.