په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێم 4 پرسی گرنگیان تاوتوێ كرد

"سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا"

K24- هه‌ولێر:

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان کۆبوونەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا 4 کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەباره‌یه‌وه‌ کرا.

لەم کۆبووونەوەیەدا پرسی بودجەی عێراق، نەوت و غاز، جێبەجێکردنی مادەی 140 و سەرژمێری ساڵی داهاتووی عێراق گفتوگۆی لەسەر کرا.

له‌مباره‌شه‌وه‌ شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان کە بەشداری کۆبوونەوەکە بوو، دەڵێت: بۆمان دەرکەوتووە سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا، بەڵام لە چوارچێوەی دەستوور.‌

هاوكات حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەوای ئەو داتا و پرسانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، خستییه‌ به‌رده‌م پەرلەمانتارانی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا, پەرلەمانتارانیش ئەم هەنگاوە بە گرنگ دەزانن و له‌مباره‌یه‌وه‌ بەهجەت عەلی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دەڵێت: ئەگەر هەولێر و بەغدا رێكبكەون، ئەوا پەرلەمانی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا ئاگاداری ناوەرۆکەکەی دەبن.

بریارە هەفتەی داهاتوو شاندێكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سه‌ردانی بەغدا بكات و لە بارەی بودجە، ماددەی 140، سەرژمێری ساڵی 2020 و پرسی نەوت و گاز لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ گفتوگۆ بکەن، پێش کۆبوونەوەشیان لەگەڵ بەغدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو سیاسەتە بۆ پەرلەمانتاران ئاشکرا دەکات، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەرى رێك دەکەون.

H.B