تا کۆتایی ئەمساڵ کارەکانی تونێلی میراوە و ماوەران تەواو دەبێت

کارەکانی هەردوو تونێلی میراوە و ماوەران تەواو دەکرێت و کۆتایی ئەمساڵ تونێلەکان بە رووی شۆفێران دەکرێنەوە، هەروەها کارکردن لە پڕۆژەی رێگای دووسایدی کۆرێ - شەقڵاوە - قەندیل بەردەوامە و تاوەکو ئێستا نزیکەی  70% کارەکانی ئەو پڕۆژە ستراتیژییە تەواو بووە و بریارە کۆتایی ئەمساڵ کارکردن لەو پڕۆژەیە بە رێژەی 100% تەواو ببێت و بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان و شۆفێرانز

هەڵگورد وەلی، بەرێوبەری پرۆژە کۆرێ-شەقڵاوە-قەندیل بەکوردستان24ـی راگەیاند،  "تەواوکردنی هەردوو توونێلی ماوەران و میراوە لەگەڵ دروستکردنی سێ یەکتربڕ، کە  ئەو رێگایە هەموو بڕگەکانی ستانداردی رێگا لە خۆ دەگرێت"، گوتیشی، "لە دروستکردنی رێگاکە تێکەڵە و قیڕ و هەموو هێماکانی سەلامەتی و پەرژینی پاراستن لەخۆدەگرێت. ئەو رێگایە بەشێک دەبێت لە بەستنەوەی هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەروەها وەک رێگایەکی گەشتیاری و نێودەوڵەتیش بەکار دێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە."

بەهۆی تەواو نەکردن و جێهێشتنی پرۆژەکە ، لە رابردوودا سایدێکی بە تەواوی دارما بوو، لە هەندێک شوێن قوڵیەکەی گەیشتبووە 15 مەتر، بەڵام ئێستا بە ستانداردی جیهانی رێگاکە دروست کراوەتەوە.

ریڤان عوسمان، ئەندازیاری سەرپەرشتیار گوتی: "ئەو پڕۆژەمان بە تەواوی چارەسەر کرد، بە قووڵی 15 مەتر بە مەوادی رۆک فیل پڕمان کردووەتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی ئەو کێشەیە نەبینەوە، سیستەمی پایڵمان بەکار هێناوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی ئەو دارمانە نەبینەوە."

تونێلی میراوەش کە لەسەر دووسایدی رێگاکەیە ، %100 کارەکانی تەواو بووە و روناکی و کامێرای چاودێری و هەواکێش و هێماکانی چاودێری بۆ دانراوە.

500 کرێکار و ئەندازیار کار لە پرۆژەکە دەکەن لەگەل 120 ئامێری گەورە و بچووک ، سەدا 65 پرۆژەکە تەواو بووە و بریارە تا کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەی رێگای کۆرێ شەقڵاوە قەندیل تەواو بێت و بخرێتە خزمەتی شۆفێرانەوە