رێنمایی نوێ بۆ گەشتوگوزاری ئاوی دەردەچێت
دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان کار لەسەر پڕۆژە بڕیار و ڕێنمایییەکی نوێ دەکات بۆ رێکخستنەوەی چالاکییە گەشتیارییە ئاوییەکان، کە تێیدا مەرجی توند بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی گەشتیاران دیاری کراوە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی تەمموزی 2026 بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند: بەهۆی گەشەسەندنی بەردەوامی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان و زیادبوونی چالاکییە ئاوییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی وەک دوکان، رانیە، دهۆک و ناوچە گەشتیارییەکانی دیکە، دەستەکە سەرقاڵی ئامادەکردنی رێنمایییەکی گشتگیرە بۆ گەشتوگوزاری ئاوی.
گەشتوگوزاری ئاوی چی دەگرێتەوە؟
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە کرد، مەبەست لە گەشتوگوزاری ئاوی تەنیا مەلەکردن نییە، بەڵکو هەموو ئەو چالاکییە وەرزشی و گەشتیارییانە دەگرێتەوە کە لەسەر ئاو یان کەناری دەریاچە و ڕووبارەکان ئەنجام دەدرێن. وەک:
هەوارگە، هۆتێل و چێشتخانە سەرئاوکەوتووەکان.
بەکرێدانی بەلەم، جێت سکای، سکووتەری ئاوی و کەرەستە وەرزشییەکانی وەک کایاک و ڕافتینگ.
ناوەندەکانی ماسیگرتنی ڕێکخراو و چادرگەی گەشتیاری لەسەر کەناری رووبارەکان.
سەلامەتیی گەشتیاران؛ پێشینەی رێنمایییە نوێیەکان
ئیبراهیم عەبدولمەجید جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی گیانی گەشتیاران لە پێشینەی کارەکانیانە، بۆیە لە رێنمایییە نوێیەکەدا چەندین مەرجی توند جێگیر کراون، لەوانە:
1. بڕوانامەی شیاویتی: پێویستە هەموو ئامێر و بنکە گەشتیارییە ئاوییەکان بڕوانامەی سەلامەتییان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانییەوە پێ بدرێت.
2. تیمی ڕزگارکردن: پابەندکردنی خاوەن پڕۆژەکان بە دابینکردنی تیمی لێهاتووی رزگارکەر کە خاوەنی بڕوانامەی فریاگوزاریی سەرەتایی بن.
3. کەلوپەلی پاراستن: بەکارهێنانی ئێلەگی رزگارکردن بۆ هەموو سەرنشینان بەبێ جیاوازی تەمەن دەبێتە ناچاری.
4. بەربەستی پۆڵایین: لەو رووبارانەی ئاوەکەیان تیژڕەوە، دەبێت تۆڕی پۆڵایین و بەربەستی پتهو دابنرێت بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوی خنکان.
5. تەکنەلۆژیا و پەیوەندی: دابینکردنی سیستەمی GPS و ئامێری بێتەل بۆ ئەو بەلەمانەی گەشتی دوور ئەنجام دەدەن، لەگەڵ دانانی تابلۆی ڕێنمایی بە سێ زمان.
قەدەخەکردنی کحول و پاراستنی منداڵان
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئەوەشی خستە ڕوو کە بەپێی ڕێنمایییەکان، بەکارهێنانی کحول و ماددەی هۆشبەر بۆ شۆفێری بەلەمەکان و کارمەندانی ناو ئاو بە توندی قەدەخە دەکرێت. هەروەها منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ تەنها بە یاوەری سەرپەرشتیارەکانیان بۆیان هەیە بەشداریی چالاکییە ئاوییەکان بکەن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید رایگەیاند کە ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی یاسایییە بۆ ئەو جۆرە گەشتوگوزارە، تاوەکو بە شێوەیەکی سەردەمیانە و دوور لە سەرپێچی و مەترسی، خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی گەشتیاران بکرێن.