وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە

باس لە کوشتنی خۆپیشاندەران دەکات

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتیدەکاتەوە، چەک لە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێندرابێت و بەڕێوەبەری پۆلیسی بەغدا و دیوانییەش لەکارەکانیان دوورخرانەوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەئەمنییەکان پارێزگاریان لە خۆپیشاندەران کردووە و بەهیچ شێوەیەک چەک دژی خۆپیشاندەران بەکارنەهاتووە، بەڵام لەبەرامبەردا هەندێک کەس خۆپیشاندانەکانیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی تەقەی راستەوخۆ لە هێزەئەمنییەکان بکەن، کە بەهۆیەشەوە چەند کارمەندێک کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەندێک لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکان لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پاسەوانانی بارەگا حزبییەکان کوژراون.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرایکردووە، وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی بەغدا و  پارێزگای دیوانییەی لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە.

تەنیا دوێنێ هەینی، 40 خۆپیشاندەر لە عێراق کوژران و زیاد لە سێ هەزاری دیکەش برینداربوون.

H.J