سێنتکۆم: فڕۆکە جەنگییەکانمان تانکەرێکی نەوتیان لە دەریای عومان پەکخست
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانیان تانکەرێکی نەوتییان لە دەریای عومان پەکخستووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە تانکەرەکە هەوڵیداوە گەمارۆی سەر ئێران بشکێنێت و بەرەو یەکێک لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتە بڕوات.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی حوزەیران، تانکەرێکی نەوتیی بەتاڵ بە ناوی (M/T Marivex) کە ئاڵای وڵاتی "پاڵاو"ی پێوە بووە، لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی دەریای عوماندا لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج.
سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری (F/A-18 Super Hornet) لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Abraham Lincoln)ەوە فڕیوە و بە "تەقەمەنییەکی ورد" بەشی ئەندازیاری و سووکانی کەشتییەکەی پەکخستووە. ئەم هێرشە دوای ئەوە هاتووە کە ستافی کەشتییەکە ئامادە نەبوون پابەندی فەرمانەکانی هێزە ئەمریکییەکان بن و سوور بوون لەسەر چوون بەرەو ئێران.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەهۆی ئەم هێرشەوە کەشتیی "مارێڤێکس" پەککەوتووە و چیتر ناتوانێت بەرەو ئێران بڕوات. سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەوەتەی دەسپێکردنی گەمارۆ دەریاییەکان بۆ سەر ئێران لە 13ی نیسانی رابردووەوە، هێزەکانیان ئەم ئەنجامانەیان هەبووە:
7 کەشتیی سەرپێچیکار بە هێزی سەربازی پەکخراون.
134 کەشتی ئاڕاستەیان گۆڕدراوە دوای ئەوەی پابەندی رێنماییەکان بوون.
42 کەشتیی هاوکاریی مرۆیی ڕێگەی تێپەڕبوونیان پێدراوە.
ئەم پەرەسەندنە نیشانەی توندبوونی گەمارۆکانی ئەمریکایە بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە بازرگانییەکی دەریایی کە ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ تاران لە کاتی جەنگدا.