ناتانیاهۆ: ئەگەر ئێران هێرشەکانی دەستپێبکاتەوە، وەڵاممان دەبێت
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی توند دەداتە تاران و رایدەگەیەنێت کە وڵاتەکەی لێدانێکی مێژوویی بۆ رێگریکردن لە هێرشێکی ئەتۆمیی ئێران ئەنجامداوە؛ جەخت لەسەر هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دەکاتەوە و بەڵێن دەدات ئەگەر ئێران تووشی هەڵە ببێتەوە، بەوپەڕی هێزەوە وەڵامی دەدەنەوە و بەردەوام دەبن لە لاوازکردنی پێگەی تاران و حزبوڵڵا لە ناوچەکەدا.
دووشەممە 8ـی حوزەیرانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکدا گوتی: "ئەگەر ئێران تووشی ئەو هەڵەیە ببێتەوە و هێرشەکانی دەستپێبکاتەوە، ئەوا بەوپەڕی هێزەوە وەڵامیان دەدەینەوە. ئیسرائیل مافی تەواوی هەیە بەرگری لە خۆی بکات و ئێمە وەک دەیان ساڵی رابردوو، بەوپەڕی پێداگرییەوە لەسەر ئەم مافەمان بەردەوام دەبین."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم بارەیەوە لەگەڵ "دۆستی نزیکی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا" لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدایە.
ناتانیاهۆ رایگەیاند، ئێران و حزبوڵڵا هەوڵیاندا "هاوکێشەیەکی نوێ" بسەپێنن کە تێیدا لە نێو خاکی ئێران و لوبنانەوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل و هیچ وەڵامێک وەرنەگرنەوە، بەڵام "ئەم هاوکێشەیە لای ئێمە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و رێگەمان نەدا سەر بگرێت."
بەشێکی دیکەی قسەکانی ناتانیاهۆ ئاشکراکرد، ئیسرائیل لێدانێکی مێژوویی و یەکەمی ئەنجامدا بۆ رێگریکردن لە هێرشێکی ئەتۆمیی ئێران. من لێرەوە بەڵێنی خۆم دووپات دەکەمەوە؛ ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە بەرەی باکوور، ناتانیاهۆ گوتی: "حزبوڵڵا پلانی هەبوو هێرش بکاتە سەر ناوچەی 'جەلیل' و شارەکانمان وێران بکات، بۆ ئەو مەبەستەش 150 هەزار مووشەکی ئامادە کردبوو." بەڵام جەختی کردەوە کە "جەنگاوەرەکانی ئیسرائیل" توانیویانە ئەو هەڕەشەیە لەناوببەن، ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکان خاپوور بکەن و تەواوی تونێلە ژێرزەوییان تێکبدەن.
ناتانیاهۆ ئاماژەشی دا، ئێستا هاوسەنگیی هێز گۆڕاوە، "ئێران و حزبوڵڵا لە هەموو کاتێک لاوازترن و ئیسرائیل لە هەموو کاتێک بەهێزترە، بەڵام ململانێی ئێمە هێشتا کۆتایی نەهاتووە." ئەو سووربوونی خۆی نیشاندا لەسەر گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ باکووری ئیسرائیل و گوتی بەردەوام دەبن لە لێدانەکانیان بۆ سەر مۆڵگەکانی حزبوڵڵا، تەنانەت لە ناو جەرگەی زاحیەی بەیرووت، تا ئەو کاتەی مەترسیی سەر ئیسرائیل بە تەواوی رادەگیرێت.
ناتانیاهۆ گوتی ئامانجی سەرەکیی ئەوان تەنیا پاراستنی ئیسرائیل نییە، بەڵکوو دروستکردنی دۆخێکی نوێی ئەمنییە لە ناوچەکەدا کە تێیدا هیچ هێزێک نەتوانێت هەڕەشە لە بوونیان بکات.