خۆپیشاندەرانی عێراق ناوی كاندیدان بۆ سەرۆك وەزیران رەتدەكەنەوە

ناوی چەند كاندیدێك دراوەتە سەرۆك كۆمار

K24 - ھەولێر

ناوی چەند كەسێك وەك كاندید بۆ سەرۆك وەزیرانی داھاتووی عێراق ئاشكرا كراوە، بەڵام خۆپیشاندەران ھەموو كاندیدەكان رەتدەكەنەوە.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق، لە بەغدا و چەند شارێکی دیکە بەردەوامن و ناوی سەرجەم ئەو کاندیدانە رەتدەکەنەوە کە بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی نوێ دیاری کراون، خۆیان چەند ناوێکییان بۆ ئەو پۆستە دیاریکردووە و لە رێگەی لافیتەکانەوە لە نێو گۆڕەپانی تەحریردا بڵاویان کردووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسی ئاشكرای كردووە "بەرهەم ساڵح، سەرۆك کۆماری عێراق ناوی ژمارەیەك کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەست گەیشتووە و بڕیاریشە یەکێکیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ راسپێرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەناو ئەو کاندیدانەی کە ناوه‌كانیان بەدەست سەرۆك کۆمار گەیشتوون، محەمەد شیاع سودانی، ئەسعەد عیدانی و مستەفا کازمی هەن، هەروەها ناوی دادوەر رائد جوحیش لەلایەن خۆپیشاندەراونەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران ئاراستەی سەرۆك کۆمار کراوە.

ھەر پەیوەست بە خۆپیشاندانەكانی عێراق لە نەجەف، گۆڕانکاری لە فەرماندەی پۆلیسی شارەکەدا کرا و سەباح مەسعودی لە شوێنی ئەحمەد زوینی دانرا. لە کەربەلاش خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر چەندا کاروانێکی زیارەتکارانی ئێرانی و ژمارەیەک خێوەتی مەوکیبەکانیان سووتاند، کە بە مەواکب حوسەینی دەناسرێن.

ھ.م