سەرۆکی ئەمەریکا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت
ئەنجوومەنی پیران دژی ترەمپ بڕیاریدا
K24 – ههولێر:
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە دەنگدانی کۆتاییدا بە 230 دەنگ بە بەڵێ بەرامبەر بە 198 دەنگ بە نەخێر بڕیاریدا دۆسیەی لێپرسینەوەکردن لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، بەتۆمەتی قۆرخکردنی دەسەڵات و رێگریکردن لە ئیش و کاری کۆنگرێس رەوانەی ئەنجومەنی پیران بکرێت.
بەم جۆرە ئەم دەنگدانە وا دەکات لە مانگی داهاتوودا سەرۆک لە ئەنجومەنی پیراندا کە زۆرینەی ئەندامانی لە پارتی کۆمارین ، دادگایی بکرێت و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش کە زۆرینەیان لە دیموکراتەکانن ڕۆڵی داواکاری گشتی دەنوێنن.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانەکەی کۆنگرێس، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە تویتێکدا وەڵامی بڕیارەکەی دایەوە گووتی: "ئەم دادگاییکردنەی کۆنگرێس نادەستوریە و خۆکوژیەکی سیاسیە".
لەلایەکی ترەوە، وتەبێژی کۆشکی سپی، ستیفانی گریشام رایگەیاند، کۆماریەکان لە ئەنجومەنی پیران بێتاوانی سەرۆک دەسەلمێنن، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە دیموکراتەکان لە پێناو ململانێێ سیاسیدا شەرمەزاریەکی گەورەیان لەمێژووی ئەمەریکا بۆ وڵات دروستکرد. بە دوو تۆمەتی ناڕەوا و بێ شایەت و بەڵگە، سەرۆک بەرەو دادگایی کردن رادەکێشن.
لەلایەن دیموکراتەکانیشەوە، نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا رایگەیاند، بە داخەوەین کەوا رایدەگەیەنین بڕیاردرا دەرگاکانی لێپرسینەوە لە سەرۆکی وڵاتەکەمان بکرێنەوە چونکە دەسەڵاتی قۆرخکردوە.
راشیگەیاندووە: " سەرۆل لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی و دەستکەوتی سیاسی خۆی لەسەر حیسابی ئاسایشی نیشتیمانی وڵات دەسەڵاتی قۆرخکردووە. هەروەها رێگریی زۆری لە کارەکانی کۆنگرێس کرد کاتێ زانی ئێمە بەسەرپێچیەکانیمان زانیوە و ئاشکرامانکرد، بێگومان ئەوەی ئێستا ئێمە دەیکەین ئەرکی نیشتیمانی سەرشانمانە و دەبێ سەرۆک لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.
لەمێژووی ئەمەریکادا، دۆناڵد ترەمپ دەبێتە سێیەمین سەرۆک کە رووبەڕووی پرسی دادگاییکردن و داوای لادان دەبێ لەدوای ئەندرۆ جۆنسۆن لە ساڵی 1868 و بیڵ کلنتۆن لەساڵی 1998.
H.J