شارەزایانی سیاسی ئەمەریکا: هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵ لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە بگێڕێت
هەرێمی کوردستان توانیویەتی هاوسەنگی پەیوەندیەکانی بپارێزێت
K24 – ههولێر:
تەشەنەکردنی ئاڵۆزیەکانی نێوان واشنتۆن وتاران نابێتە هۆی هەڵگیرسانی ئەو جەنگە گەورەیەی جیهان وناوچەکە لێی دەترسان، بەڵام شەڕی ساردی نێوان ئەم دوو پایتەختە درێژە دەکێشێ.
ئەمە بۆچوونی زۆربەی شارەزایانی کاروباری ئێران و ناوچەکەیە لە ئەمەریکا. بەباوەڕی زۆربەی ئەم شارەزایانە، لەنێو ئەوانەی دەتوانن رۆڵێکی بەهێز و بەرچاو ببینن بۆ نەهێشتنی رووبەڕووبونەوە و ململانێیکانی ئەمەریکا و ئێران بەلانی کەمەوە لەسەر خاکی عێراقدا، هەرێمی کوردستانە ،لەبەرئەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ تاران واشنتن بەهێزە.
کریس مورفی، سیناتۆری ئەمەریکا، لەوبارەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، من بەداخەوەم کە سەرۆکی ئێمە عێراقیەکانی رووبەڕووی ئەم قەیرانانە کردۆتەوە، بەڵام سەرکردایەتی هەرێمى كوردستان دەتوانن دەنگێکی گرنگ بگەیەنن لەپێناو مانەوەی ئەم شەراکەتەمان.
هەروەها، دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشوی ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت، سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی هاوسەنگی پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەردوو وڵات و لەگەڵ پارتە عێراقیەکان بپارێزێت، ئەمە کارێکی ئاسان نیە بەڵام ئەوان بەزیرەکی لەمەدا سەرکەوتوو بوون .
دیدار و پەیوەندیە تەلەفۆنیە چڕەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و متمانە و باوەڕیان بەوەی هەولێر رۆڵێکی بەهێز دەگێڕی لە ناوچەکەدا، وەک چاودێران لە واشنتۆن باسی لێوەدەکەن، ئاماژەیەکە بۆ بەهێزتربوونى پێگەی هەرێمی کوردستان، بەمەرجێک کورد هاودەنگ وهاوهەڵوێست بمێنێ.
H.J