حەشدی شەعبی: ئیسرائیل دەستیکردووەتەوە بە هێرشەکانی بۆ سەرمان
"دەبێت عێراق سکاڵا تۆمار بکات"
K24 – ههولێر:
حەشدی شەعبی ئاشکرایدەکات، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گرووپەکانی سەر بە حەشد دەستیپێکردووەتەوە و بۆردوومانکردنی کەتیبەکانی ئیمام عەلیش لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیل بووە.
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراقیش داوا دەکات، لەپێناو وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حەشد، حکومەتی عێراق سکاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار بکات.
کەمال حەسناوی، رێبەری بزووتنەوەی ئیبدالی عێراقی، کە لەنێو خاکی سووریا بۆ پاڵپشتی لە حکومەتی ئێستای ئەو وڵاتە دژ بە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەجەنگێت رایگەیاندووە، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و کەتیبەکانی ئیمام عەلیش لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ سووریا بۆردوومانکراون، نەوەک لەنێو خاکی سووریا، بەوپێیەی ئەو هێزانە فەرمین و بەشێکن لە سیستەمی بەرگری ئەو وڵاتە.
سەبارەت بە بۆردوومانکردنی کەتیبەکانی ئیمام عەلی لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە میدیاکانی راگەیاندووە، چەکدارانی ئیمام عەلی کاتێک بۆردوومانکراون، کە لە سنووری عێراق دەربازی ناوخاکی سووریا بوون، ئەمەش بۆ رێگریکردن بووە لە تۆمەتبارکردنی ئەمریکییەکان بە ئەنجامدانی هێرشەکە بۆ سەر حەشدی شەعبی.
لەلایەکی دیکەوە کەریم محەممەداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش وبەرگری لە پەرلەمانی عێراق لەسەر بۆردوومانکردنی پێگەکانی حەشدی شەعبی داوای لە حکومەت کردووە، کۆتایی بە راگەیێندراو و سەرکۆنە کردنی ئەو هێرشانە بهێنێت، لەبری ئەوە رێکاری یاسایی بگرێتەبەر و لە ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵا لەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمار بکات.
لە چەند رۆژی رابردوودا کەتیبەکانی ئیمام عەلی سەر بە حەشدی شەعبی لەناوچەی ئەلبوکەمال لە سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە کرانە ئامانج، لە ئەنجامیشدا ژمارەیەک چەکدار کوژران و برینداربوون.
H.J