ئەمەریکا مەرجی باشترکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاشکرا دەکات

ئەمەریکا دەیەوێت ئێران چی بکات؟

K24 – هه‌ولێر:

سەرەڕای زیادبوونی گرژییەکان، ئەمەریکا ئامادەیە لەگەڵ تاران گفتوگۆ بکات، بەڵام مەرجی ئەمەریکا وەک ئەوەی مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگری دەڵێت، ئەوەیە، هەنگاوی جدی تێدابێت بۆ ئەوەی ئێران بکاتە وڵاتێکی ئاسایی.

لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی سی بی ئێس، ئێسپەر لەبارەی دۆخی ئێران گووتی: "ئێمە دەتوانین دانیشین بە بێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە، بەڵام دەبێت چەند هەنگاوێکی جددی بنرێت کە ببێتە وڵاتێكی ئاسایی".

پرسیاری ئەوە لە ئێسپەر کرا، ئەمەریکا حکوومەتی ئێران بە گەندەڵ دەزانێت، چۆن ئامادەیە دابنیشێت لەگەڵێ، وەزیری بەرگری گووتی: "حکوومەتی ئێران هێشتا حکوومەتێکی یاساییە، بۆیە ئەوە کارێکی ئاساییە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پشتگیریی لە خۆپیشاندەرانی ئێران دەکات و حکوومەتی ئێرانیش، بە سەرکوتکار ناودەبات.

مەبەستی واشنتن لە "وڵاتێکی ئاسایی" ئەوەیە، تاران واز لە بڵاوکردنەوەی هەژموونی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێنێت.